هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی زەیتی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان ئاشکرا دەکات و هۆکارەکەی بۆ بەغدا دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی 3ی 2026 نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی زانیاریی نوێی لەسەر پرسی بەشەخۆراک بڵاوکردەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوە کردووە کە پرۆسەی هاتنی زەیت نەوەستاوە و ڕۆژانە دەگاتە هەرێمی کوردستان و ڕاستەوخۆش بەسەر بریکارەکاندا دابەش دەکرێت.
ناوبراو هۆکاری دروستبوونی کێشەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی زەیت لە ناوخۆی عێراقدا زۆر کەمە و بەو هۆیەوەش بڕێکی کەم ڕەوانەی هەرێم دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکان ئەو زەیتەی بۆ بەشەخۆراک تەرخان کراوە تەنیا لە کارگەیەکی پارێزگای بابل بەرهەم دەهێندرێت و لە دەرەوەی وڵاتیشەوە بۆ ئەم مەبەستە هاوردە ناکرێت.
پشتبەستن بەم تەنیا کارگەیەش وای کردووە کە هەمیشە گرفتی کەمیی بەرهەمهێنان هەبێت و نەتوانرێت پێداویستییەکانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێم لە کاتی خۆیدا دابین بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە بەدواداچوونەکان ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە ئەو زەیتەی ئێستا لای بریکارەکانی خۆراکە هی مانگەکانی حەوت و هەشتی ساڵی ڕابردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا زەیتی بەشەخۆراکی یەکەمی ئەمساڵ بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش نەکراوە لە کاتێکدا بەپێی لیستەکان پشکی هەر کەسێک تەنیا یەک لیتر زەیتە.