دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل گەنجێک لەسێدارە درا

هەرێم نیوز

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند کە هاوکات لەگەڵ نۆزدەهەمین ڕۆژی جەنگدا ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر هاووڵاتییەکدا جێبەجێ کردووە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل.

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئاداری 2026 ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی کردەوە کە سزای سێدارەی بەندکراوێکی سیاسی بە ناوی کوروش کەیوانی جێبەجێ کراوە.

ئەو بەندکراوە خەڵکی ناوچەی ساوجبولاغی پارێزگای ئەلبۆرز بووە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج لەسێدارە دراوە.

میدیای فەرمیی دەزگای دادوەریی ئێران هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم هاووڵاتییەی پشتڕاست کردووەتەوە بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەسەر وردەکاریی دۆسیەکە بڵاو بکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکان پرۆسەی دادگاییکردنی ئەم جۆرە کەیسانە هەمیشە بە ناڕوونی بەڕێوە دەچێت و تۆمەتباران لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش دەکرێن.

دەزگای دادوەریی ئێران ئاشکرای کردووە کە کوروش کەیوانی لە کاتی شەڕە دوانزە ڕۆژەکەی پێشووی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا دەستبەسەر کرابوو.

دواتریش لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەوڵەتی نەیار کە مەبەست لێی ئیسرائیلە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.

ڕێکخراوی هەنگاو ئاشکرای کردووە کە لە دەستپێکی شەڕی پێشووی ئێران و ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا لانی کەم هەژدە بەندکراو بە تۆمەتی سیخوڕی لەسێدارە دراون.

لە کۆتاییدا ئەو ڕێکخراوە هۆشداریی داوە کە حکومەتی ئێران دۆخی شەڕ و ئاڵۆزییەکان وەک دەرفەتێک بۆ بەردەوامبوونی کوشتار و سەرکوتی سیاسی بەکار دەهێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP