هەرێم نیوز
لە دوایین پەرەسەندنی ئەمنیی مەترسیداردا، کوژرانی ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتیلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هێرشەکانی سەر تاران، بە یەکێک لە گەورەترین و کوشندەترین گورزەکان بۆ سەر ناوکی ناوەندیی ئەمنی و هەواڵگریی حکومەتی ئێران لە چەند دەیەی ڕابردوودا دادەنرێت. ئەم ڕووداوە تەنها لەدەستدانی وەزیرێک نییە، بەڵکو پچڕانی ئەو زنجیرە توندوتۆڵەیە کە دەزگا جیاوازە ئەمنییەکانی ئێرانی پێکەوە دەبەستەوە.
ڕاگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیل
ڕۆژی چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئاماژەی بە کوژرانی خەتیب کرد لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە تاران. لە بەیاننامەکەدا وەزارەتی ئیتیلاعات وەک "یەکێک لە میکانیزمە سەرەکییەکانی سەرکوت و تیرۆر" لە ئێران و دەرەوەی وڵات ناسێنراوە.
بەپێی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل، خەتیب ڕۆڵێکی بنەڕەتی و کاریگەری هەبووە لە: ئاڕاستەکردنی شەپۆلی دەستگیرکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران. و داڕشتنی نەخشەی ئەمنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان، بەتایبەت بزووتنەوەی "ژینا ئەمینی". لەگەڵ سەرپەرشتیکردنی چالاکییە "تیرۆریستییەکانی" وەزارەتەکەی دژی ئامانجە ئیسرائیلی و ئەمریکییەکان لە جیهان و ناوخۆی خاکی ئیسرائیل.
ئیسماعیل خەتیب کێ بوو؟ پیاوی هەموو کون و قوژبنەکان
ئیسماعیل خەتیب، تەنها وەزیرێکی ئاسایی لە حکومەتەکانی سێزدەهەم و چواردەهەمدا نەبوو. ئەو یەکێک بوو لەو کەسایەتییە دەگمەنانەی کە ئەزموونێکی مەیدانی و کارگێڕیی فراوانی لە پێنج جومگەی سەرەکی و هەستیاری دەسەڵاتدا هەبوو:
1. وەزارەتی ئیتیلاعات.
2. ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران.
3. پاراستنی دەسەڵاتی دادوەری.
4. بەیت و نووسینگەی ڕێبەری (خامنەیی).
ئەم پێگەیە وای لێکردبوو ببێتە "خاڵی پەیوەندی" یان ئەو پردە بێجێگرەوەیەی کە هەماهەنگی لە نێوان دەزگا ئەمنییە ڕکابەرەکانی ناوخۆی ئێراندا دروست دەکرد. لادانی ئەو لە هاوکێشەکە، گورزێکی جەرگبڕە لەو هاوسەنگی و هەماهەنگییەی کە خامنەیی ساڵانێکی زۆر بوو هەوڵی بۆ دەدا.
لە سەرکوتی کوردستانەوە بۆ لوتکەی دەسەڵاتی ئەمنی
سەید ئیسماعیل خەتیب، لەدایکبووی ساڵی (١٩٦١) لە شاری "قائینات"ی خوراسان، پیاوێکی ئاینیی شیعە بوو کە لە سەرەتای هەشتاکانەوە چووە ناو ڕیزەکانی سوپای پاسداران. ئەو لەلایەن موحسین ڕەزایی، فەرماندەی ئەو کاتی سوپای پاسدارانەوە ڕاکێشرا و ڕاستەوخۆ لە پڕۆسەی سەرکوتی نەیارانی ناوخۆیی، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، ڕۆڵی مەیدانی و سەرەکی هەبوو.
دوای دامەزراندنی وەزارەتی ئیتیلاعات، خەتیب گواسترایەوە بۆ ئەو دامەزراوەیە. لە نەوەدەکاندا لە شاری قوم ئەرکی کۆنترۆڵکردنی نەیارانی ناو حەوزەی زانستیی پێسپێردرا. دواتر پلە بە پلە چووە ناو بازنە هەرە نهێنییەکانی دەسەڵات.
لە ساڵی ٢٠٢١دا، بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی، وەک وەزیری ئیتیلاعاتی حکومەتی ئیبراهیم ڕەئیسی دەستنیشانکرا. ئەم هەڵبژاردنە نیشانەی ئەوە بوو کە ڕژێم چیتر پێویستی بە وەزیرێکی تەکنۆکرات نییە، بەڵکو پیاوێکی "تەواو ئەمنی-ئۆپەراسیۆنی" دەوێت.
گۆڕینی ستراتیژی وەزارەت: جەنگی تێکەڵاو و هێرشی سایبەری
خەتیب کە شاگردی وانە ئاینییەکانی خامنەیی بوو، لە سەردەمی وەزارەتەکەیدا جەختی لەسەر "جەنگی تێکەڵاو" (Hybrid Warfare) دەکردەوە. ئەو وەزارەتی ئیتیلاعاتی لە دەزگایەکی هەواڵگریی ناوخۆییەوە گۆڕی بۆ هێزێکی چالاک لە ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان، هێرشی سایبەری و هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ "سوپای قودس".
لە ژێر چاودێری ئەودا، هێرشە سایبەرییەکان بۆ سەر وڵاتانی وەک ئەلبانیا پەرەی سەند، ئەمەش وایکرد ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٢دا بیخاتە لیستی سزاکانیەوە. تەنها چەند ڕۆژێک پێش کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران، خەتیب بە شانازییەوە ڕایگەیاندبوو: "ئێمە تۆڕی مۆسادمان تێکشکاندووە." وتەیەک کە ئێستا دوای کوژرانی خۆی، وەک تەنزێکی مێژوویی لێهاتووە.
بۆچی کوژرانی خەتیب گرنگییەکی ستراتیژی هەیە؟
گرنگیی خەتیب لەوەدا بوو کە توانیبووی ئەو ململانێ و ڕکابەرییە مێژووییەی لە نێوان وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەبوو، کەم بکاتەوە. ئەو تاقە کەس بوو کە جێگەی متمانەی هەموو باڵە ئەمنییەکان بوو.
لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکان:
تێکچوونی هاوسەنگیی ناوخۆیی: مەرگی ئەو دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی کێبڕکێی نهینی نێوان وەزارەت و سوپا.
لاوازبوونی وەزارەتی ئیتیلاعات: ئەم وەزارەتە کە ساڵانێکە لە ژێر سێبەری سوپادایە، بە لەدەستدانی ئەم "پردە" زیاتر لاواز دەبێت.
بۆشایی فەرماندەیی: دۆزینەوەی کەسێک کە هەمان تۆڕی پەیوەندی و ئەزموونی چەندلایەنەی هەبێت، لە کاتێکدا ئێران لەژێر هێرشی توندی ئیسرائیل و ئەمریکادایە، کارێکی ئەستەم دەبێت.
کوشتنی ئیسماعیل خەتیب بەشێکە لە زنجیرە ئۆپەراسیۆنە وردانەی ئیسرائیل کە ئامانج لێی تەنها لێدانی سەربازی نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی تەواوی "زنجیرەی فەرماندەیی و بڕیاردانی ئەمنی" ئێرانە. بە لەناوچوونی ئەم فەرماندە ئەمنییە باڵایە، تاران یەکێک لە ژیرترین و بەئەزموونترین داڕێژەرانی پیلانە ئەمنییەکانی لەدەستدا.