دواین هەواڵ

عێراق‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپاسالاری ئەمریکا: لە عێراق 46 هێرشمان کردووەتە سەر گرووپە چەکدارەکان

هەرێم نیوز

دان کەین سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا زانیاریی نوێ و مەترسیدار لەسەر قەبارەی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران و عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت ڕۆژانە قووڵتر دەچنە ناو خاکی ئێرانەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی ئاداری 2026 دان کەین سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئامارێکی وردی لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بڵاوکردەوە.

سوپاسالارەکەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکانیان هەموو ڕۆژێک قووڵتر دەچنە ناو خاکی ئێرانەوە و گورزی زۆر کوشندە لە تواناکانی ئەو وڵاتە دەوەشێنن.

لەبارەی قەبارەی زیانەکانی ئێرانیشەوە ئاشکرای کردووە کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە سەد و بیست کەشتیی جەنگی و چل و چوار کەشتیی هەڵگری مینیان لەناو بردووە یان زیانیان پێگەیاندوون.

سەبارەت بە دۆخی عێراقیش دان کەین جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزەکانیان چل و شەش هێرشیان کردووەتە سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوخۆی عێراقدا.

هەروەها ڕوونی کردووەتەوە کە بە بەکارهێنانی بۆمبی قەڵاشکێن کە کێشەکەی پێنج هەزار پاوەندە دامەزراوە و کۆگا ژێرزەمینییەکانی هەڵگرتنی مووشەکی کروزی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سوپاسالاری ئەمریکا دووپاتی کردووەتەوە کە لە ئێستادا بەردەوامن لە کارکردن بۆ بەئامانجگرتن و لەناوبردنی بەلەمە هێرشبەرە خێراکانی ئێران لە گەرووی هورمز.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دان کەین هۆشداریی داوە کە ڕۆژانە قووڵتر دەچنە ناو بواری ئاسمانیی ئێرانەوە و تەنانەت فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری ئەی تێن چوونەتە ناو ئاسمانی باشووری ئەو وڵاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP