دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا سەرکۆنەی لێدوانەکانی بەها ئەعرەجی دەکات و بە وتارێکی ژەهراویی ناودەبات

هەرێم نیوز

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە توندی سەرکۆنەی لێدوانەکانی پەرلەمانتار بەها ئەعرەجی کرد و بە گوتارێکی ژەهراوی و پێشێلکارییەکی ڕوونی دەستووری وەسفی کرد.

ئەمڕۆ هەینی 20ی ئاداری 2026 فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاننامەیەکی فەرمیی لەسەر لێدوانەکانی ئەو پەرلەمانتارە بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەو قسانەی لەناو پەرلەمان کراون تەنیا جیاوازیی بیروبۆچوون نەبوون بەڵکوو گوتارێکی ژەهراوی و بێڕێزییەکی ڕاشکاو بوون بەرامبەر بە بنەما دەستوورییەکان.

فراکسیۆنەکە ڕوونی کردووەتەوە کە ئەمە هەوڵێکی بێهوودەیە بۆ بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە سەروەرییەکانی و ناساندنی سەرکردەکانی بە سیفەتی کارگێڕی کە لەگەڵ پێگە دەستوورییەکەیان ناگونجێت.

بەیاننامەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم جۆرە تێڕوانینە پێشێلکردنی ڕوونی ئەو ماددە دەستوورییانەیە کە پەیوەندیی نێوان ناوەند و هەرێمیان لەسەر بنەمای هاوبەشییەکی هاوسەنگ ڕێکخستووە نەک پاشکۆیەتی.

لەبارەی شەرعییەتی دەستوورییەوە پارتی دووپاتی کردووەتەوە کە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری لە هەرێم دەسەڵاتی فیدراڵین و دەستوور چەسپاندوونی.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرۆکوەزیرانی هەرێم و وەزیرەکان ئەرکەکانیان بەپێی ڕاسپاردەیەکی دەستووری لە گەلەکەیانەوە ئەنجام دەدەن و فەرمانبەر نین لای ئارەزووی سیاسییەکان.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە کە زمانی فەرمان و ئینزار زمانێکی دەرچووە لە یاسا و دەستوور و نیشانەی عەقڵییەتێکی ناوەندگەرێتیی کۆنە.

هاوکات فراکسیۆنی پارتی بە توندی سەرکۆنەی بێدەنگی و کەمتەرخەمیی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کردووە لە ئاست ئەم دەستدرێژییەدا.

ئەو بێدەنگییەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیشی بە کەمتەرخەمی لە ئەرکە دەستوورییەکانی داناوە بۆ پاراستنی شکۆی دامەزراوەی یاسادانان لە موزایەدەی سیاسی.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا فراکسیۆنی پارتی هۆشداریی داوە کە سەردەمی ناوەندگەرێتیی چەوسێنەر بەبێ گەڕانەوە کۆتایی هاتووە.

هەروەها جەختی کردووەتەوە کە هەرکەسێک ناتوانێت دەستوور بخوێنێتەوە و لێی تێناگات با واز لە سیاسەت بهێنێت پێش ئەوەی وڵات تووشی قەیرانێکی گەورە بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP