دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێران پێشنیارێکی ئەمریکای ڕەت کردەوە و دەڵێت نا دادپەروەرانەیە

هەرێم نیوز

بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە تاران پێشنیارێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای تاوتوێ کردووە کە لە ڕێگەی وڵاتی پاکستانەوە گەیەندراوەتە دەستیان، بەڵام دوای هەڵسەنگاندن گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ناوەڕۆکی پێشنیارەکە "یەک لایەنە و نادادپەروەرانە" داڕێژراوە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە، تاران پێی وایە ئەم دەستپێشخەرییەی واشینگتن تەنیا لە بەرژەوەندی ئەمریکا و ئیسرائیلدایە، هەربۆیە لە وەڵامی سەرەتاییدا کە بۆ لایەنی پاکستانی نێردراوە، ئاماژە بەوە کراوە کە پێشنیارەکە کەمترین مەرجەکانی پێویست بۆ سەرکەوتنی تێدا نییە و ناتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ ڕێککەوتن.

ئەم بەرپرسە باڵایە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە لە ئێستادا هیچ ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی دانوستان لە ئارادا نییە و هەر جۆرە پلانێک بۆ گفتوگۆ لەم قۆناغەدا بە "ناواقیعی" دەبینرێت، چونکە هێشتا زەمینەیەکی هاوبەش کە هەردوولا لەسەری کۆک بن دروست نەبووە.

سەرباری ئەم هەڵوێستە توندە، بەرپرسەکەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا و پاکستان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لە نێوان تاران و واشینگتن، هەروەها دووپاتی کردەوە کە هێشتا دەرگای دیپلۆماسی دانەخراوە و ئەگەر "واقیعبینی" بەسەر کۆشکی سپیدا زاڵ بێت، دەکرێت ڕێگەیەک بۆ پێشەوە بدۆزرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP