هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی گورزی کەمەرشکێنیان لە تواناکانی ئێران داوە و ئێستا تاران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن داوا لە واشینگتن دەکات.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی درۆن، سەکۆکانی هەڵدانی موشەک و کارگە سەربازییەکانی ئێرانیان بە شێوەیەکی بێپێشینە لەناوبردووە و ئێستا فڕۆکە ئەمریکییەکان لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا ئازادیی تەواویان هەیە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر هێرشی بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی جۆری (B-2) نەبوایە، ئێران دەتوانرا لە ماوەی دوو هەفتە تا مانگێکدا بگاتە چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێستا ئەو مەترسییە ڕەوێندراوەتەوە.
وتیشی: "ئێمە ناتوانین ڕێگە بدەین کەسانی شێت دەستیان بە چەکی ئەتۆمی بگات"، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە تاران دەیویست بەسەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵ بێت، بەڵام ئێستا ڕووبەڕووی کارەسات بوونەتەوە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ ڕەخنەی توندی لە هاوپەیمانی ناتۆ گرت و بە "پڵنگی کاغەزی" وەسفی کردن، چونکە بە وتەی ئەو، لە ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە ئێراندا هیچ هاوکارییەکی ئەمریکایان نەکردووە.
ترەمپ پێشبینی دەکات کە تەواوبوونی ئەرکە سەربازییەکانیان لە ئێران نزیکەی ٤ بۆ ٦ هەفتەی تر بخایەنێت و دووپاتی کردەوە کە فشارەکان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی ئێران بە تەواوی دەست لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵدەگرێت.
سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتن، ترەمپ وتی کە ئێرانییەکان دانوستانکاری زۆر باشن، بەڵام هێشتا دڵنیا نییە کە ئایا ڕێککەوتنی کۆتایی ئەنجام دەدرێت یان نا.
هۆشداریشی دا کە ئەگەر تاران نەگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و واز لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەهێنێت، ئەوا ئەمریکا دەبێتە "خراپترین مۆتەکە" بۆیان.