دواین هەواڵ

عێراق‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

فایەق زێدان: بڕیاری تاکلایەنەی گروپە چەکدارەکان بۆ جەنگ پێشێلکردنی دەستوورە

هەرێم نیوز

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ هەینی هۆشداریی توندی دا لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی بڕیاری تاکلایەنەی هەندێک لە گروپە چەکدارەکان بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ. زێدان جەختی کردەوە کە ئەم هەڵوێستانە نەک هەر پێشێلکردنی دەستوورن، بەڵکو دەوڵەتی عێراق دەخەنە بەردەم مەترسیی گۆشەگیری و سزای نێودەوڵەتی.

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئاماژەی بە ماددەی (٦١/ نۆیەم)ی دەستوور کرد و ڕایگەیاند، ڕاگەیاندنی حاڵەتی جەنگ میکانیزمێکی یاسایی ئاڵۆزی هەیە کە تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیراندایە و پێویستی بە ڕەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە. هەر هەنگاوێک لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە بە هەڕەشە بۆ سەر سیستەمی دیموکراسی و سەروەریی یاسا لە قەڵەم درا.

زێدان باسی لەوەش کرد کە قۆرخکردنی بڕیاری جەنگ و ئاشتی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێویی ئەمنی و لاوازکردنی متمانەی نێوان هاووڵاتی و دەوڵەت.

 هۆشداریشی دا کە بوونی چەندین ناوەندی بڕیاری سەربازی، وڵات بەرەو ململانێی ناوخۆیی و هەرێمی دەبات بێ ئەوەی کۆدەنگییەکی نیشتمانی لەسەر بێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دووپاتی کردەوە کە پێویستە چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت. ئەو داوای بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوە دەستوورییەکانی کرد بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و بونیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز لەسەر بنەمای یاسا و شەرعییەت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP