دواین هەواڵ

عێراق‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

لە ماوەی جەنگدا ٨٣ جار هێرشکراوەتە سەر حەشدی شەعبی

هەرێم نیوز

لە ماوەی ٣٤ ڕۆژی ڕابردوودا، بنکە و بازگەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق ڕووبەڕووی ٨٣ هێرشی ئاسمانی بوونەتەوە کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ١٣٤ چەکدار، ئەم ئامارانە هاوکاتن لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە.

بەپێی داتا فەرمییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەدا ٧٣ چەکدار گیانیان لەدەستداوە و ٦١ی دیکەش بریندار بوون، کە لە نێویاندا چەندین فەرماندەی فەوج و بەرپرسی باڵای ئۆپەراسیۆنەکان دەبینرێن، حەشدیش ڕاستەوخۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار دەکات.

لە ڕووی دابەشبوونی جوگرافییەوە، پارێزگای نەینەوا بە ١٢ هێرش لە پلەی یەکەمدایە و دوای ئەویش پارێزگای ئەنبار بە ١١ هێرش دێت، هەروەها ناوچەکانی بابل، سەلاحەدین، کەرکووک، بەغدا و دیالە بە هەمان شێوە کەوتوونەتە بەر شەپۆلی بۆردوومانەکان.

گرووپی کەتییبەکانی حیزبوڵڵا وەک ئامانجی سەرەکیی هێرشەکان دەردەکەون کە ٨ جار لیواکانیان کراونەتە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکان، هاوکات لیوای ٣٠ی شەبەک و لیوای ٣١ی ڕیسالیون لە ڕیزبەندی ئەو هێزانەدان کە زۆرترین زیانی گیانی و ماددییان بەرکەوتووە.

لە بەرامبەردا، گرووپی ناسراو بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ئەم مانگەدا ٧٥٣ هێرشیان بە موشەک و درۆن ئەنجام داوە، تەنیا لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٣ هێرشی نوێیان بۆ سەر نەیارەکانیان لە ناوچەکە و هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP