دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

تەقینەوەی بۆمبەکەی وەزیری جەنگی ئەمریکا دەربارەی پڕۆژەی (ئەمریکای مەزنی باکوور)

هەرێم نیوز 

ووەرگێڕان: یادگار عەلی 

وەرگێڕان لە عیزەت ئیبراهیم - سەرنووسەری ماڵپەڕی ئەهرام ئۆنڵاین و ئەهرام ویکلی.

پێموایە ئەم بیرۆکانە ڕەنگە زەمینەسازی بکەن بۆ فراوانخوازییەکی نوێی ئیدارەی ترەمپ -بە لۆژیکی جەنگی بەردەوام- بۆ دامەزراندنی (ئەمریکای مەزنی باکوور)، جا چ لە حاڵەتی سەرکەوتنی هەڵمەتەکەیان لە کەنداوی عەرەبی، یان لە حاڵەتی پاشەکشەکردن لە کۆی ئامانجە دیاریکراوەکان و جەختکردنەوە لەسەر لاوازکردنی ڕژێمەکەی ئێران و کردنەوەی گەرووی هورمز بە گەرەنتی نێودەوڵەتی یان بە پاڵپشتی هاوپەیمانان.

شیکاریی:

لە وەرچەرخانێکی بەرچاو، کە ڕەنگدانەوەی داڕشتنەوەی قووڵی بنەماکانی بیرکردنەوەی ستراتیژی ئەمریکایە، وەزیری جەنگی ئەمریکا، پیت هیگسێس لە بارەگای فەرماندەیی باشووری ویلایەتەیەکگرتووەکان لە فلۆریدا، گرتنەبەری چوارچێوەیەکی جیۆپۆلیتیکی نوێی لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە ڕاگەیاند لەژێر ناوی (ئەمریکای مەزنی باکوور - Greater North America). ئەمە تەنها پێناسەکردنەوەی ئاسایشی هەرێمی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دووبارە کێشانەوەی کایەی زیندووی ئەمریکا بە جۆرێک، کە سنوورە سیاسییە نەریتییەکان دەبەزێنێت و مەودایەکی جوگرافی فراوان دەگرێتەوە، کە وەک (چێوەی ئاسایشی ڕاستەوخۆ- Immediate Security Perimeter) پێناسە دەکرێت و لە گرینلاندەوە بۆ کەنداوی ئەمریکا و تا دەگاتە نۆکەندی پەنەما درێژدەبێتەوە؛ بەمەش ئەم مەودایە دەبێتە یەکەیەکی ستراتیژیی یەکگرتوو، کە ڕاستەوخۆ بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاوە دەبەسترێتەوە.

ئەم پێشنیازە لە ناوەڕۆکە قووڵەکەیدا، گواستنەوەی ویلایەتەیەکگرتووەکان نیشاندەدات لە مۆدێلی (هاوپەیمانییەکان)ەوە بۆ مۆدێلی (کایەی زیندوو). ئیدی ئاسایش لە ڕێگەی تۆڕی هاوپەیمانییە نەریتییەکان یان دامەزراوە فرەلایەنەکانەوە بەڕێوە نابرێت، بەڵکو لە ڕێگەی پێناسەکردنەوەیەکی جوگرافی-سیاسییەوە دەبێت، کە هەر وڵاتێک لە باکووری هێڵی کەمەرەیی هەبێت (لە گرینلاندەوە تا ئیکوادۆر و لە ئەلاسکاوە تا گۆیانا) دەیکاتە بەشێک لە سیستمێکی ئاسایشی یەکگرتوو. لەم سیستمەدا سیفەتی (باشووری جیهانی- Global South) بە ئاشکرا لادەبرێت، ئەمەش گۆڕانکارییەکی ڕیشەییە لە پێوەرەکانی پۆلێنکردنی نێودەوڵەتیی، چونکە پێوەرە ئابووریی و سیاسییەکان بە پێوەرگەلێکی ئاسایش دەگۆڕدرێن، کە واشنتۆن بەپێی دیدگای خۆی بۆ بەرژەوەندییەستراتیژییەکانی دیارییاندەکات.

لە چوارچێوەی ئەم وێناکردنەدا، هیگسێس جوگرافیا، وەک ئامرازێکی تەفسیرکردن بەکاردەهێنێت، کە پۆشەرێکی زانستی ڕواڵەتی دەداتە پڕۆژەکە، کاتێک ئاماژە بە ئەمازۆن (Amazon) و چیاکانی ئەندێز (Andes) دەکات، وەک (بەربەستی سروشتی- Natural Barriers)، کە لە نێوان باکوورێکی ستراتیژی یەکگرتوو و باشوورێکی خاوەن ئەرکی جیاوازدا جیاکاری دەکەن. ئەم بەکارهێنانە بێ مانا و دەلالەتی سیاسی نییە، چونکە سروشت بەکاردەهێنرێت بۆ شەرعیەتدان بە دووبارە دابەشکردنەوەی هەژموون، ئەمەش ئەوەمان بیردەخاتەوە، کە جوگرافیا هەرگیز تەنها دراوێکی سروشتی نەبووە، بەڵکو هەمیشە ئامرازێک بووە لە دەستی هێزە گەورەکاندا بۆ دووبارە کێشانەوەی نەخشەکانی دەسەڵات.

وەک درێژکراوەیەکی پراکتیکی بۆ ئەم چوارچێوە تیۆرییە، وەزیری جەنگی ئەمریکا جەختدەکاتەوە، کە واشنتۆن کاردەکات بۆ (بەهێزکردنی دۆخی سەربازی و ئامادەیی) لەم مەودا باکوورییەدا بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانی. ئەمەش ئاماژەیە بۆ نییەتی گۆڕینی چەمکی (چێوەی ئاسایشی ڕاستەوخۆ) لە تەنها وێناکردنێکی ستراتیژییەوە بۆ واقیعێکی مەیدانی، کە تێیدا هێزی سەربازی دەگۆڕدرێت بۆ بڵاوبوونەوەیەکی کردەیی، کە هەژموونی ئەمریکا لە نیوەگۆی ڕۆژئاوادا جێگیر دەکاتەوە، بەتایبەت لە سایەی ئەو تێگەیشتنەی، کە ململانێ نێودەوڵەتییەکان چیتر تەنها لە ئابووریی و تەکنەلۆژیادا کورتنابنەوە، بەڵکو گەڕاونەتەوە بۆ ئاستەسەربازییە ڕەقەکان.

لە بەرامبەر ئەم بەهێزکردنەی باکووردا، هیگسێس دیدگایەکی هاوتەریب بۆ باشوور دەخاتەڕوو، کە لەسەر بنەمای (دابەشکردنی بارگرانییەکان- Burden Sharing) دامەزراوە. تێیدا داوا لە وڵاتانی باشووری هێڵی کەمەرەیی دەکرێت، کە ڕۆڵێکی گەورەتر بگێڕن لە دابینکردنی ئاسایشی باشووری ئەتڵەسی و هێمن و پاراستنی (ژێرخان و سەرچاوە گرنگەکان). ئەمەش ڕەنگدانەوەی وەرچەرخانێکە لە شێوازی هەژموونی ئەمریکا لە کۆنترۆڵکردنی ڕاستەوخۆوە بۆ بەڕێوەبردنی هەژموون لە ڕێگەی هاوبەشەکانەوە، بە جۆرێک سیستمێکی ئاسایشی هەرەمی دروستدەکات، کە تێیدا ڕۆڵەکان بەپێی نزیکی لە ناوەندی ئەمریکییەوە دابەشدەکرێن.

ئەم دابەشکارییە لە نێوان باکوورێکی تێکەڵبوو لەناو (چێوەی ئاسایشی ڕاستەوخۆ) و باشوورێکی ڕاسپێردراو بە ئەرکی ئاسایشی دیاریکراو، زەمینەسازی بۆ سیستمێکی نێودەوڵەتی نوێ دەکات، کە فەزای نێوان ناوەند و پەراوێزەکان بەرهەمدەهێنێتەوە، بەڵام بە شێوازێکی ئاڵۆزتر؛ کە تێیدا ئەم فەزایە بە زمانی گەشەپێدان یان ئابووریی دەرنابڕدرێت، بەڵکو بە زمانی ئاسایش و بەرپرسیارێتی هاوبەش، ئەمەش پۆشەرێکی دیپلۆماسی دەداتە پڕۆژەکە، کە لە پشتەوەیەوە دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات و هەژموون دەشارێتەوە.

جێی سەرنجە، کە هیگسێس لەم چوارچێوەیەدا چەمکی (بەرگری چارەکە-گۆیی- Quarter Sphere Defence) بەکاردەهێنێتەوە، کە چەمکێکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی جیهانی دووەم، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ بەخشینی شەرعیەتێکی مێژوویی بەم ئاڕاستەیە لە ڕێگەی بەستنەوەی بە ساتەوەختێکەوە، کە تێیدا ویلایەتەیەکگرتووەکان لە لووتکەی گەشەی سەربازیدا بوو، بەڵام ئەم بانگهێشتکردنەوەیە ڕەنگدانەوەی مەیلی بەکارهێنانی مۆدێلەکانی ڕابردووشە بۆ پاساودانی سیاسەتەکانی ئێستا، تەنانەت ئەگەر بارودۆخەکانیش بە تەواوی گۆڕابن.

ناکرێت لەم پێشنیازە بگەین بەبێ بەستنەوەی بەو چوارچێوە فراوانترەی، کە دیدگای (ئەمریکای گەورە- Greater America) دەگرێتەوە؛ دیدگایەک، کە مشتومڕەکان دەربارەی فراوانخوازی ئەمریکی بە ئامرازی نوێ زیندوودەکاتەوە. ئەمەش ئەو بەراوردکارییانە ڕووندەکاتەوە، کە هەندێک چاودێر لە نێوان ئەم چەمکە و چەمکی (ئیسرائیلی گەورە- Greater Israel)دا دەیخەنەڕوو، نەک تەنها لە ڕووی درێژبوونەوەی جوگرافی، بەڵکو لە ڕووی بنەما ئایدیۆلۆژییەکەیەوە، کە جوگرافیا و ئایین و سیاسەت لە پڕۆژەیەکی فراوانخوازی درێژخایەندا تێکەڵدەکات.

لەو چوارچێوەیەدا، گەڕانەوە بۆ چەمکی (قەدەری ئاشکرا- Manifest Destiny) کارێکی سروشتی دەردەکەوێت، کە تێیدا ئەم چەمکە لە قاڵبێکی مۆدێرندا بەرهەمدەهێنرێتەوە و گوتاری ئایینی ڕاشکاو بە زمانی ئاسایش و ستراتیژ دەگۆڕێت، بەڵام هەمان بیرۆکەی جەوهەری دەپارێزێت، کە فراوانخوازی، وەک مافێکی سروشتی و تەنانەت، وەک ئەرکێکی مێژوویی دەبینێت.

هەروەها دووبارە پۆلێنکردنەوەی وڵاتانی، وەک ئیکوادۆر و گۆیانا بۆ دەرەوەی (باشووری جیهان)، وەرچەرخانێک لە شێوازی تێگەیشتنی واشنتن بۆ جیهان نیشاندەدات؛ بە جۆرێک، کە چیتر گەشەپێدان یان ناسنامەی سیاسیی دیاریکەری سەرەکی نین، بەڵکو پێگەی وڵاتەکە لەناو تۆڕی ئاسایشی ئەمریکادا دەبێتە پێوەر، ئەمەش ڕەنگە ببێتەهۆی دووبارە داڕشتنەوەی هاوپەیمانییەنێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمایەکی تەواو نوێ.

جەختکردنەوە لەسەر (چێوەی ئاسایشی ڕاستەوخۆ) دەلالەت گەلێکی هەیە، کە لە لایەنە تیۆرییەکە تێدەپەڕێت، چونکە دەرگا بۆ فراوانکردنی مەودای دەستوەردانی ئەمریکی دەکاتەوە بە جۆرێک، کە هەر هەڕەشەیەک لەناو ئەم مەودایەدا، وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ویلایەتەیەکگرتووەکان هەژمار دەکرێت، ئەمەش پێناسەی بەرگریی دەگۆڕێت بۆ گرتنەوەی ناوچەگەلێک، کە لە ڕووی جوگرافییەوە دوورن، بەڵام لە ڕووی ستراتیژییەوە نزیکن.

لە هەمان کاتدا، قسەکردن لەسەر (بەهێزکردنی ئامادەیی) نیشانەی تێگەیشتنە لەوەی، کە ئامرازەکانی هێزی ڕەق هێشتا چەقین لە بەڕێوەبردنی ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا، بەتایبەتی لە سایەی هەڵکشانی ڕکابەری لەگەڵ هێزەکانی، وەک چین و ڕووسیا، ئەمەش وای کردووە ئەم پڕۆژەیە ببێتە بەشێک لە ململانێیەکی فراوانتر بۆ دووبارەداڕشتنەوەی سیستەمی نێودەوڵەتیی.

جەختکردنەوە لەسەر (ژێرخانی گرنگ) و (سەرچاوەکان) ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی جۆری لە سروشتی ململانێکاندا؛ ئیدی شەڕەکە تەنها لەسەر کۆنترۆڵکردنی زەوی نییە، بەڵکو لەسەر کۆنترۆڵکردنی (زنجیرەی دابینکردن- Supply Chains) و جومگەکانی ئابووریی جیهانییە، ئەمەش دەربڕینی هەڵکشانی چەمکی "پشتبەستنی دوولایەنەی چەکدارکراو"ە (Weaponized Interdependence).

ڕەهەندە ئایدیۆلۆژییەکە، بەتایبەتی ئاماژەکان بۆ (نەتەوەمەسیحییەکان لەژێر چاودێری خودا)، چینێکی دیکە لە ئاڵۆزی دەخاتە سەر بابەتەکە، چونکە توخمە کولتووری و ئایینییەکان دەخرێنەناو داڕشتنی ستراتیژەوە، ئەمەش ڕەنگە ململانێکان لە ڕکابەرییەکی جیۆپۆلیتیکییەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی شارستانی فراوانتر بگۆڕێت.

لە لایەکی دیکەوە، ئەم تێڕوانینە ڕەنگە ببێتەهۆی دروستبوونی گرژیی زۆر لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکای لاتین، کە ڕەنگە چەمکی (چێوەی ئاسایشی ڕاستەوخۆ)، وەک هەوڵێک بۆ سەپاندنی سەرپەرشتییەکی ئاسایشی لەسەر حسابی سەروەریی خۆیان ببینن، ئەمەش میراتێکی درێژخایەنی گومان بەرامبەر بە سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەهێنێتەوە پێشەوە.

هەروەها ئەم پڕۆژەیە ڕەنگە کاردانەوەی هێزەنێودەوڵەتییە گەورەکان، بەتایبەتی چینی لێ بکەوێتەوە، کە ڕەنگە، وەک هەوڵێک بۆ چەسپاندنی هەژموونی ئەمریکا لە نیوەگۆی ڕۆژئاوادا و ڕێگریکردن لە هەر دزەکردنێکی دەرەکی بیبینن، ئەمەش پاڵیان پێوەدەنێت بۆ گەڕان بەدوای ستراتیژی دژبەر لە ناوچەکانی دیکەی جیهاندا.

لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین ئەوەی هیگسێس، ڕایگەیاند، ساتەوەختێکی چارەنووسسازە لە پەرەسەندنی ستراتیژی ئەمریکادا، کە تێیدا چەمکەکانی، وەک: (چێوەی ئاسایشی ڕاستەوخۆ)، (دابەشکردنی بارگرانییەکان)، (بەرگری چارەکە-گۆیی) و (پشتبەستنی دوولایەنەی چەکدارکراو) لە داڕشتنی دیدگایەکی گشتگیردا یەکدەگرنەوە، کە ڕۆڵی ویلایەتەیەکگرتووەکان لە جیهاندا پێناسە دەکاتەوە.

ئەم دیدگایە، بەو تەماعە فراوانەی بۆ دووبارە کێشانەوەی جوگرافیای سیاسی لەگەڵ خۆی هەڵیگرتووە و بەو مەترسییانەی، کە سەبارەت بە سەروەریی و سەقامگیریی دروستیاندەکات، ڕەنگە پێشەکییەک بێت بۆ قۆناغێکی نوێ لە ڕکابەری نێودەوڵەتیی، کە تێیدا هێزی ڕەق لەگەڵ ئایدیۆلۆژیا و جوگرافیا تێکەڵدەبن لە داڕشتنی سیمای سیستەمی داهاتووی جیهاندا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP