دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

حکومەتی هەرێم ڕێنوێنیی نوێ بۆ ڕووماڵکردنی شوێنە زیانلێکەوتووەکان بڵاودەکاتەوە

هەرێم نیوز

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک ڕێکار و ڕێنوێنیی نوێی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاوکردەوە، بە مەبەستی ڕێکخستنی پەیامی میدیایی و بەدۆکیۆمێنتکردنی قەبارەی ئەو زیانە مرۆییانەی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی 3ی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، ئامانج لەم هەنگاوە نیشاندانی وێنەیەکی پیشەییانەی ڕووداوەکانە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. حکومەت داوا لە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ماڵپەڕە هەواڵییەکان دەکات، بۆ ڕووماڵی مەیدانیی ئەو شوێنانەی بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، پابەندی ڕێنوێنییە نوێیەکان بن.

بەپێی ڕێکارە نوێیەکان، پێویستە ئەو تیمە میدیاییانەی دەیانەوێت لە شوێنی ڕووداوەکان کار بکەن:
• ناوی تیمەکانیان لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری تۆمار بکەن.
• پێشوەختە ڕەزامەندیی فەرمی وەربگرن بۆ ئەنجامدانی ڕووماڵە مەیدانییەکانیان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدایە بۆ پۆلێنکردن و بەدۆکیۆمێنتکردنی زیانە مرۆیی و ماددییەکان بە شێوازێکی زانستی و پیشەیی، تاوەکو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک بەڵگەی یاسایی و مرۆیی خزمەت بە دۆزی گەلی کوردستان بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP