هەرێم نیوز
سیپان حەمۆ، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕایگەیاند کە بنکەی قەسرەک لە ڕۆژئاوای کوردستان بە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج و هێرشەکەش لە ناو خاکی عێراقەوە ئەنجامدراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی 3ی 2026، سیپان حەمۆ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردەوە، کە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەن کە کراوەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە "قەسرەک". ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمە دووەم هێرشە لە ماوەیەکی کورتدا ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا بکاتە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکانی حەمۆ، هێرشەکە بە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە کە لە ناو خاکی عێراقەوە ئاراستە کرابوون. جەختیشی کردەوە کە هەر چوار درۆنەکە پێش پێکانی ئامانجەکانیان خراونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا، حکومەتی عێراقی بە بەرپرسیار زانی لە تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و داوای لێکرد ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە بکات. حەمۆ وتیشی: "ئەم کردەوانە هەڕەشە لە سەقامگیریمان دەکەن و پێویستە هاوکاریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش."