هەرێم نیوز
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، " پێویستە حکومەتی عێراق قەرەبووی زیانلێکەوتووانی بۆردومانەکانی سەر هەولێر بکاتەوە ".
ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.3.29، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و بەرێوەبەرانی كاروباری ناوخۆ و قەیرانەكانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی "لیژنەی خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکان" لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی ئەو زیانە ماددی و مرۆییانەی کە بەهۆی هێرش و بۆردومانی ناڕەوای گروپە لەیاسا دەرچووەکان بەر هاوڵاتییان و شوێنە گشتییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کەوتوون، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی لە کارەکانی لیژنەکە، جەختی کردەوە کە پێویستە لیستی ناوی سەرجەم ئەو هاوڵاتییانەی لە ڕێکەوتی 28ی شوبات تاوەکو ئەمڕۆ، كە بەهۆی هێرشەكانی سەر هەولێری پایتەخت زەرەرمەند بوونە، وەك بەرچاوو ڕوونیەك بۆ قەبارەی زیانەكان بە وردی ئامادە بکرێت.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق کرد، کە لە چوارچێوەی "بودجەی فریاکەوتن"دا بەرپرسیارێتیی یاسایی خۆی لە بەرمبەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بە خاك و خەڵكی هەرێمی كوردستان و هەولێری پایتەخت دەكرێت هەڵبگرێت و قەرەبووی هەموو ئەو هاوڵاتی و لایەنانە بکاتەوە کە بەهۆی ئەو هێرشانەی گروپە تیرۆرستی و لەیاسا دەرچووەكان دووچاری زیان هاتوون.
لە کۆتایی كۆبونەوەكەشدا، پارێزگاری هەولێر پەیامێکی ئاڕاستەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد و داوای لێکردن لە کاتی ڕووماڵکردنی شوێنە زیانلێکەوتووەکاندا، پابەندی ڕێنماییەکانی "فەرمانگەی میدیا و زانیاری" بن. هەروەها جەختی كردەوە کە پێویستە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و میدیاکان بە شێوەیەکی پیشەیی تاوانە مرۆییەکان نیشانی جیهان بدەن و دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و شێواندنی ئامارەکان.