هەرێم نیوز
بارزانی لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە سیاسییەکانی بەغدا، داوای کردووە کە بەهۆی بارودۆخی مەترسیداری جەنگ لە ناوچەکە و لێکەوتە وێرانکەرەکانی بۆ سەر عێراق، پەلە لە بەستنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران نەکرێت.
بارزانی جەختی کردووەتەوە کە عێراق پێویستی بە تێپەڕاندنی خاڵە ناکۆکەکان و گەیشتن بە تەوافوقی نیشتمانییە، نەک بڕیاری تاکلایەنە کە ببێتە هۆی قووڵتربوونی دابەشبوونەکان لەم قۆناغە هەستیارەدا.
بارزانی لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە داواکاریی ئێستا بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان پێویستی بە ڕاوێژ و لێکگەیشتنی زیاترە لە نێوان هەموو پێکهاتەکان.
هەروەها جەختی کردووەتەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتاوە داوای کردووە لایەنە کوردییەکان پێکەوە نوێنەری خۆیان دیاری بکەن نەک لایەنەکانی تر بۆیان بسەپێنن.
بارزانی هۆشداری دەدات کە هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی ئیرادە و پەلەپەلی سیاسی لە ئێستادا، ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و سەقامگیریی وڵات دروست دەکات.
دەقی نامەکەی بارزانی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی
بۆ بەڕێزان سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی
بۆ بەڕێزان سەرکردەکانی ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی
سڵاوی خواتان لێ بێت...
لە سۆنگەی پەرۆشی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر گەلی عێراقمان و ئەو تەحەددییە چارەنووسسازانەی ئێستا ڕووبەڕووی داهاتوو و سیستەمە سیاسییەکەی بوونەتەوە بەهۆی جەنگی وێرانکاری ناوچەکە، لەم قۆناغە هەستیارەدا پەیامتان ئاراستە دەکەین بۆ زاڵکردنی زمانی لێکتێگەیشتن و پابەندبوون بە بنەماکانی دەستوور بۆ دوورخستنەوەی عێراق و گەلەکەی لە مەترسییەکانی جەنگ.
جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی گفتوگۆ دووقۆڵی و بەکۆمەڵەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و کارکردن بۆ سڕکردنی خاڵە ناکۆکەکان بە مەبەستی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان بەپێی بنەماکانی شەراکەت، هاوسەنگی و تەوافوقی نیشتمانی.
هەر بۆیە، پێمان وایە بانگەشەی ئێستا بۆ گرێدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دواتر دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران، پێویستی بە ڕاوێژی زیاتر هەیە بۆ ڕەچاوکردنی مافی هەموو پێکهاتە سیاسییەکان بەپێی قەبارەی هەڵبژاردنیان. پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتاوە جەختی لە گرنگی تێگەیشتنی لایەنەکان کردووەتەوە بۆ هەڵوێستی سیاسی ئێمە سەبارەت بەوەی کێ دەبێتە سەرۆک کۆمار لە ڕێگەی لایەنە کوردییەکانەوە بێت بۆ بەدیهێنانی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بۆ پێکهاتەی کورد.
لەکاتێکدا درک بەوە دەکەین کە تا ئێستا ئەم بژاردانە یەکلایی نەکراونەتەوە، بەڵام هەوڵدان بۆ سەپاندنی بابەتەکان یان پەلەکردن تێیاندا دەبێتە هۆی ئەنجامی پێچەوانە و دابەشبوونی قووڵتر کە وڵات لەم قۆناغە هەستیارەدا پێویستی پێی نییە.
بۆیە پەرۆشی بۆ بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری گونجاو و بەردەوام کە ئاسایش و سەلامەتی وڵات بپارێزێت.
لەگەڵ ڕێز و پێزانیندا
براتان
مەسعود بارزانی
٢٨ی ئازاری ٢٠٢٦