دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی کارەبا زیاتر لە 8 ملیار دینار بۆ هاوبەشانی ماڵان دەگەڕێنێتەوە

هەرێم نیوز

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە لە چوارچێوەی لێخۆشبوونی 20%ی پارەی کارەبا زیاتر لە 8 ملیار دینار بۆ هاوبەشانی ماڵان گەڕاوەتەوە و 70%ی هاووڵاتیانیش کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە.

ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە لە چوارچێوەی لێخۆشبوونی 20%ی پارەی کارەبا زیاتر لە 8 ملیار و 700 ملیۆن دینار گەڕاوەتەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان لەسەر پسوولەکانی کارەبا و ئەو بڕە پارەیەش لە چوارچێوەی ئەو دەستپێشخەرییەی مانگی ڕابردوو ڕاگەیەندرا بۆ پێدانی پاڵپشتی بە ڕێژەی 20% لەسەر هەموو پارەدانێک کە لە ڕێگەی سەکۆی پارەدانی دیجیتاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئی پسوولە ئەنجام دەدرێت.

وەزارەتی کارەبا هەروەها ئاشکرای کردووە کە زیاتر لە 218 هەزار هاوبەش سوودمەند بوونە و ئەوەش خراوەتە ڕوو کە زۆرینەی هاوبەشانی ماڵان کە ئەو پاڵپشتییە دەیانگرێتەوە لەسەر پسوولەی کارەبای مانگی دوو سوودمەند بوون و بەشێکی دیکەی هاوبەشانی ماڵانیش سوودمەند دەبن لەو پاڵپشتییە لەسەر پسوولەی مانگەکانی داهاتوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدات بە هەموو هاوبەشانی ماڵان لەوەی بڕی تەواوی ئەم پاڵپشتییە جێبەجێ دەکرێت.

وەزارەتەکە ئاشکراشی کردووە کە تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 4 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی کە زیاترە لە 70%ی هاووڵاتیانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکی.

لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەپێی نرخە نوێیەکان 80%ی هاووڵاتیان بەتایبەتی کەمدەرامەتان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP