هەرێم نیوز
لەگەڵ چڕبوونەوەی بۆردومانەکان بۆ سەر تاران، ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئیسرائیل پێشبینی دەکەن جەنگی ئێستا بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەی تر بەردەوام بێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ ڕووبەڕووی بەربەستی گەورە بوونەتەوە.
تەقینەوەکان تاران دەهەژێنن
ئێوارەی هەینی، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە ناو جەرگەی تاران بیسترا، هاوکات لەگەڵ فڕینی چڕی فڕۆکە جەنگییەکان لە ئاسمانی پایتەختدا.
ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی تێپەڕبوونی هێرشەکانی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بە چالاککردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی کرد، دوای ئەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند هێرشێکی فراوان و کاریگەر دەکاتە سەر تاران.
دیپلۆماسی لە "ڕێگەی داخراو"دا
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاشکرای کردووە کە هەوڵەکانی ناوەندگیری بە سەرۆکایەتی پاکستان گەیشتووەتە "بنبەست". تاران بە فەرمی بە ناوەندگیرەکانی ڕاگەیاندووە کە ئامادە نییە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد کۆببێتەوە و مەرجەکانی واشنتۆن بۆ ڕاگرتنی شەڕ بە "قبوڵنەکراو" وەسف دەکات.
تورکیا و میسر بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێن
سەرەڕای شکستی هەوڵەکانی پێشوو، تورکیا و میسر هەوڵدەدەن شوێنی نوێ بۆ دانوستانەکان پێشنیار بکەن، وەک دەوحە یان ئەستەنبوڵ، بەو ئومێدەی بتوانن متمانە لە نێوان تاران و ئیدارەی تڕەمپ دروست بکەنەوە.
مەرجەکەی تڕەمپ بۆ ڕاگرتنی جەنگ
دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئێران داوای ئاگربەستی کردووە، بەڵام تاران ئەمەی ڕەتکردەوە. سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن تڕەمپ تەنها یەک مەرجی هەیە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان: "کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز" بە ڕووی کەشتیوانی نێودەوڵەتیدا.