دواین هەواڵ

جیهان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

سێنتکۆم: پتر لە ١٣ هەزار ئامانجمان لە ئێران پێکاوە

هەرێم نیوز

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە نوێترین زانیاریدا، ڕایگەیاند کە هێرشەکان بۆ سەر ئامانجەکان لە ناو خاکی ئێران بەردەوامن. بەپێی ڕاپۆرتەکە، تاوەکو ئێستا هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە ١٣ هەزار ئامانجی جیاوازیان پێکاوە.

سێنتکۆم ئاشکرای کردووە کە لەم هێرشانەدا، زیاتر لە ١٥٥ کەشتی و ژێر دەریایی و ئامرازی دەریایی ئێران یان بە تەواوی تێکشکێنراون یان زیانی زۆریان پێگەیشتووە. ئەم هێرشانە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستیان پێکردووە و ئامانجی سەرەکییان تێکشکاندنی ئەو شوێنانەیە کە وەک مەترسی خێرا دەبینرێن.

لە هێرشەکاندا زیاتر تیشک خراوەتە سەر بنکەکانی فەرماندەیی، بارەگاکانی سوپای پاسداران، سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک. سوپای ئەمریکا بۆ ئەم مەبەستە کۆمەڵێک فڕۆکەی جەنگی، بۆمبهاوێژ، درۆن و کەشتی جەنگی پێشکەوتووی بەکارهێناوە.

ئەم ڕاگەیەندراوەی سێنتکۆم نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا گوشارە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران گەیاندووەتە لوتکە، لە کاتێکدا کە تەنیا چەند کاتژمێرێک بۆ کۆتایی هاتنی ئەو وادەیە ماوە کە ترەمپ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دیاری کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP