دواین هەواڵ

عێراق‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕاپۆرتێکی ئەمریکی: لە بەرامبەر ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسەکەدا، چەند ئەندامێکی کەتائیبی حزبوڵڵا ئازاد کراون

هەرێم نیوز

ماڵپەڕێکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، کە لە بەرامبەر ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەکەدا، ژمارەیەک ئەندامی گرووپی چەکداریی کەتائیبی حزبوڵڵا ئازاد کراون، کە پێشتر بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەستگیر کرابوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٦، ماڵپەڕی "حوڕە"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کە ئازادکردنی شێلی کیتلسۆن، ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئازاد کرا، لەسەر بنەمای کۆمەڵێک مەرجی قورس بووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، دەسەڵاتدارانی عێراق ڕازی بوون بە ئازادکردنی کۆمەڵێک دەستگیرکراوی سەر بە کەتائیبی حزبوڵڵا، بەڵام زانیارییەکانی سەرچاوەکان لەبارەی ژمارەی ئازادکراوەکانەوە جیاوازن.

 سەرچاوەیەک لە ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕایگەیاندووە، کە لە بەرامبەر ئازادکردنی کیتلسۆن، ١٦ ئەندامی ئەو گرووپە ئازاد کراون، لە کاتێکدا سەرچاوە حکوومییەکان دەڵێن، کە تەنیا شەش کەس ئازاد کراون.

 ئەو کەسانەی ئازاد کراون، پێشتر بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە دەستگیر کرابوون.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کەتائیبی حزبوڵڵا پلانی نەبووە بەو خێراییە کیتلسۆن ئازاد بکات، بەڵام دەستگیرکردنی شۆفێری ڕفێنەرەکە، کە ناوی (ئەمیر جەبار ڕەحیم)ە، فشارێکی زۆری دروست کردووە.

لە شەوی ڕفاندنەکەوە، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق ڕۆژانە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەو شۆفێرە دەستگیرکراوەدا کردووە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی حەشدی شەعبی بەشێک بووە لە ئۆپەراسیۆنی گواستنەوە و ڕادەستکردنەوەی کیتلسۆن لە شوێنی نهێنیی دەستبەسەرکردنییەوە بۆ ناوچەی سەوز لە بەغدا، کە باڵیۆزخانەی ئەمریکای لێیە. هەروەها دەزگاکانی دیکەی عێراقیش، کە دیارترینیان دەزگای هەواڵگریی نیشتمانییە، بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP