هەرێم نیوز
نەوید مێهراوەر، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەڵامی چەند پرسیاری هەستیار دەداتەوە سەبارەت بە وردەکارییەکانی چارەسەرکردن، شۆردن و بەخاکسپاردنی تەرمی غەزاڵ مەولان؛ ناوبراو هۆکاری پەنابردن بۆ نەخۆشخانەی ئەهلی و گواستنەوەی تەرمەکە بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی بۆ "مەترسییە ئەمنییەکان" دەگەڕێنێتەوە.
ئەم نوسینەی نەوید مێهراوەر، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، وەڵامدانەوەیەکی ڕاستەوخۆ و ڕوونکردنەوەیەکە بۆ ئەو تەمومژ و پرسیارانەی لە دەوری ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی غەزاڵ مەولان دروست ببوون.
١. بۆچی گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی بەخشین؟
مێهراوەر ئاماژە بەوە دەکات کە نەخۆشخانەی شۆڕش (کە وەک نەخۆشخانەی پێشمەرگە دەناسرێت) وەک جاران پێشوازی لە بریندارەکەیان نەکردووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە ئەهلییەکانیان کردوون، هەر بۆیە ناچار بوون پەنا بۆ نەخۆشخانەی بەخشین ببەن.
٢. بۆچی حزبێکی سێکۆلار بەدوای مزگەوتدا گەڕا؟
وەڵامی ئەو ئەوەیە کە مەبەستەکە جێبەجێکردنی سونەتە ئایینییەکان نەبووە، بەڵکو جەستەی غەزاڵ بەهۆی تەقینەوەکەوە پڕ ببوو لە خوێن و پاشماوەی ماددەی پلاستیکی و خاشاک؛ بۆیە ویستوویانە بە پاک و خاوێنی و بە ڕێزەوە بە خاکی بسپێرن.
٣. «شەهید» شۆردنی بۆ چییە؟
هەمان وەڵامی سەرەوە؛ مەبەست پاککردنەوەی جەستەی بووە لەو خاشاک و وردە پلاستیکانەی بەهۆی بۆردومانەکەوە بە جەستەیەوە مابوون، نەک تەنها ڕێوڕەسمی ئایینی.
٤. ئایا مزگەوت ئامادەکرابوو؟
دەڵێت ڕەنگە مزگەوتی "شێخ سەعیدی پیران" ئامادەکرابێت لەلایەن خەڵکە دڵسۆزەکەوە، بەڵام ئەو هاوڕێیانەی لەگەڵ تەرمەکە بوون ئاگاداری ئەو هەوڵانە نەبوون، بۆیە وایانزانیوە کەس دەرگایان بۆ ناکاتەوە.
٥. بۆچی خەڵکی زۆر بەشداری ڕێوڕەسمی ناشتنەکەیان نەکرد؟
هۆکارەکەی بۆ ئەمنیەت دەگەڕێنێتەوە. دوای ئەوەی گۆڕستانی زڕگوێز مووشەکباران کرا، کۆمەڵە بڕیاری دا بە فەرمی ڕاینەگەیەنێت کەی و لەوێ دەینێژن، تاوەکو گیانی بەشداربووان نەخەنە مەترسییەوە.
٦. بۆچی تەرمی غەزاڵ بە پیکاب گوازرایەوە؟
بۆ ئەوەی سەرنجی زۆر ڕانەکێشن و جوڵەکەیان بە ئاشکرا نەبێت، داوای ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن (ئەمبوڵانس)یان لە هیچ لایەنێک نەکردووە و بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی گواستوویانەتەوە.
٧. ناشتنی تەرمی شەهید، گۆڕستانی بۆ چییە؟
مێهراوەر دەڵێت نەیانویستووە خواست و هەیمەنەی کۆماری ئیسلامی سەر بگرێت کە دەیویست شوێنی ناشتنەکە نادیار بێت، بۆیە وەک تەحەدایەک لە تەنیشت هاوڕێیانی تری وەک دکتۆر جەعفەر و سدیق کەمانگەر بە خاکیان سپاردووە.
نوسەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە خەڵکی سلێمانی و ناوچەکە بەوەفایی خۆیان نیشانداوە و ڕووداوەکە دەریخستووە کە هەیمەنەی سیاسی نەیتوانیوە پەیوەندی نێوان پارچەکانی کوردستان بپچڕێنێت.