دواین هەواڵ

عێراق‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

کەرکووک دوای ڕێبوار تەها؛ یەکێتی لە بەرانبەر پۆستی پارێزگار چەندین پۆستی باڵا وەردەگرێت

هەرێم نیوز

لە بەرانبەر دەستبەرداربوون لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زنجیرەیەک پۆستی باڵای کارگێڕی و ئەمنی لە پارێزگاکە وەردەگرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی 4ـی 2026، وردەکاریی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییە ئاشکرا کرا کە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی ڕێبوار تەها. بەپێی زانیارییەکان، یەکێتی لە بەرانبەر ئەم هەنگاوەدا ئەم پۆستانەی لای خۆی مسۆگەر کردووە:
ڕێبوار تەها: دەبێتە جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک.

یاریدەدەرانی پارێزگار: لە کۆی پێنج یاریدەدەر، سێ دانەیان بۆ یەکێتی دەبێت.

ڕاوێژکارانی پارێزگار: لە کۆی حەوت ڕاوێژکار، چوار دانەیان بەر یەکێتی دەکەون.

قائیمقامییەتەکان: ئاڤێستا شێخ محەمەد دەبێتە قائیمقامی ناوەندی کەرکووک و عەدنان حوسێن دەبێتە قائیمقامی داقووق.

ناحیەکان: ئاوارە شەهید ئەحمەد دەبێتە بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەهەنجیر.

پۆستی ئەمنی: پۆستی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک دەدرێتە یەکێتی.

ئەم دابەشکارییە نوێیە نیشانەی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیییە لە هاوسەنگیی هێز لەناو پارێزگای کەرکووکدا، کە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە گەیشتووەتە ئەم قۆناغە.

بڕیارە کەمێکی دیکە ئەنجوومەنی پارێزگا ئەم بڕیارانە بە فەرمی پەسەند بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP