دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی: بەغدا بەرپرسیارە لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان

هەرێم نیوز

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی ٣٨ ساڵەی شاڵاوەکانی ئەنفالدا ڕایدەگەیەنێت، ئەرکی حکومەتی فیدراڵیی عێراقە قەرەبووی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری قوربانییان بکاتەوە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پاراستنی قەوارەی هەرێم تەنیا بە تەبایی لایەنەکان دەبێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی یادی (٣٨) ساڵەی ئەنفالی ١٩٨٨ ڕایگەیاند: "ئەو تاوانە سامناکەی ڕژێمی پێشوو کە تێیدا زیاتر لە ١٨٢ هەزار مرۆڤی بێتاوان بوونە قوربانی، تەنیا تاوانێک نەبوو، بەڵکو هەوڵێکی نەزۆک بوو بۆ سڕینەوەی تەواوی گەلێکی ئاشتیخواز."

سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، ئێستا بەرپرسیارێتی حکومەتی بەغدایە قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان بکاتەوە. وتیشی: "لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ئەنفال وەک جینۆساید بناسرێت و لە گێڕانەوەی ڕوفاتی پیرۆزی شەهیدانیش درێغی ناکەین."

نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا جەختی لە گرنگیی یەکڕیزی کردەوە و ڕایگەیاند، پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان، تەنیا بە تەبایی و کاری هاوبەشی تەواوی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان دەبێت، ئەمەش بە گەورەترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان وەسف کرد.

سەرۆکی هەرێم سڵاوی ئەمەکداری بۆ بنەماڵە و کەسوکاری خۆڕاگری ئەنفالکراوان نارد و دووپاتی کردەوە کە دەبێت خزمەتی زیاتریان پێشکەش بکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP