هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" ڕایگەیاند، تەنیا یەک کۆمەڵە "خاڵ و پێشنیار" بۆ دانوستان و ئاگربەست لەگەڵ ئێران لە ئارادایە کە جێگەی پەسەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک یان ئاگربەستێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، تەنیا لەسەر بنەمای ئەو چارچێوەیە دەبێت کە ئەمریکا خۆی دیاریی کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا نووسیویەتی، ئەو بەڵگەنامە و لیست و نامانەی لەلایەن کەسانی جیاوازەوە بڵاو دەکرێنەوە، هیچ پەیوەندییەکیان بە دانوستانەکانەوە نییە و هەندێک لەوانە لەلایەن "فێڵباز و چەتەکانەوە" خراونەتە ڕوو.
ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەم کەسانە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان بە خێرایی ئاشکرا دەبن و ناسنامەیان بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێتەوە.
ناوبراو باسی لەوەش کردووە کە دانوستانە سەرەکییەکان لەسەر ئەو چارچێوەیەی ئەمریکا دەیەوێت، لە ئێستادا "لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە" بەردەوامییان هەیە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ هێرشی کردە سەر کەناڵی "سی ئێن ئێن" و ئەو ڕاپۆرتەی کە بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی نادیار بڵاویان کردبووەوە، بە "هەواڵی ساختە" (فیک نیوز) ناوبرد.