هەرێم نیوز
کارۆلین لێڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، لە لێدوانێکی تونددا ڕایگەیاند کە واشنتن پڕۆژە پێشنیازە 10 خاڵییەکەی تاران بۆ دانوستان بە تەواوی ڕەتکردووەتەوە.
وتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو پێشنیازەی ئێران "ناجیدی و وەرنەگیراو" بووە، هەربۆیە بە تەواوی وەلا نراوە و ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتکردەوە کە گوایە ئەمریکا بەو پێشنیازانە ڕازی بووە.
لێڤیت ئاشکرای کرد کە بەهۆی فشارە سەربازییەکان و نزیکبوونەوەی وادەی دیاریکراو لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران "واقیعی قبوڵ کردووە" و پڕۆژەیەکی نوێ و چڕتری پێشکەش کردووە کە لەگەڵ پێشنیازە 15 خاڵییەکەی ئەمریکا دەگونجێت.
ناوبراو جەختی کردەوە کە هێڵە سوورەکانی ترەمپ هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە، بەتایبەت پرسی ڕاگرتنی تەواوەتیی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوخۆی ئێراندا و هەر دەنگۆیەکیش لەسەر پاشەکشەی ترەمپ بۆ داواکارییەکانی ئێرانی بە "پێکەنیناوی" ناوبرد.
لە لایەکی دیکەوە، وتەبێژی کۆشکی سپی باسی لە پرسی وەرگرتنی باج لە گەرووی هورمز کرد و وتی، ئەم بابەتە هێشتا بڕیاری کۆتایی لێ نەدراوە و تەنیا وەک بابەتێکی گفتوگۆ بۆ دوو هەفتەی داهاتوو دەمێنێتەوە.
لێڤیت دووپاتی کردەوە کە لە ئێستادا ئەولەویەتی سەرەکیی ترەمپ، کردنەوەی بێ مەرج و بێ سنووری گەرووی هورمزە بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان.