هەرێم نیوز
محەمەد باقری قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە "پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتنەکان" تۆمەتبار کرد، کە بڕیاربوو پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد وەک بنەما کار بکەن.
قالیباف ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ پڕۆژە ١٠ خاڵییەکەی ئێرانی وەک "بنەمایەکی کردەیی" قبوڵ کردبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمریکا سێ خاڵی سەرەکی و بنەڕەتیی ئەو چوارچێوەیەی پێشێل کردووە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندووە کە "بەردەوامیی هێرشەکان لە لوبنان، هاتنی درۆن بۆ ناو خاکی ئێران لە شارستانی لار لە پارێزگای فارس و نکۆڵیکردن لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم"، ئەو سێ خاڵەن کە "ڕۆحی ڕێککەوتنەکەیان" لەناو بردووە.
قالیباف جەختی لەسەر بێبەریبوونی متمانە بە واشنتن کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، کاتێک بنەماکانی دانوستان پێش دەستپێکردنی فەرمی پێشێل دەکرێن، چوونە سەر مێزی گفتوگۆ یان ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دوولایەنە بە "کارێکی نالۆژیکی" دەزانن.