هەرێم نیوز
جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو پێشنیازە ١٠ خاڵییەی دۆناڵد ترەمپ مەبەستییەتی، زۆر لۆژیکیترە لەو پڕۆژە سەرەتاییەی ئێران کە لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە و واشنتن ڕەتی کردووەتەوە.
ڤانس ئاماژەی بەوە کرد کە ترەمپ باس لە پێشنیازێکی سێیەم دەکات کە ئێران لە ڕێگەی پاکستانەوە پێشکەشی کردووە، بەڵام جەختی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ئاماژەیان بەوە نەکردووە کە ئاگربەستەکە پرسی لوبنانیش بگرێتەوە.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا بە تاران و وتی، ئەگەر ئێران دەیەوێت ئاگربەستەکە هەرەس بهێنێت ئەوە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، بەڵام ئێمە بژاردەی دانوستانمان لەبری جەنگ پێ پێشنیاز کردوون.
ناوبراو ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ چەندین بژاردەی جیاوازی لەبەردەستدایە بۆ گەڕانەوە بۆ جەنگ ئەگەر ئێران هەنگاوی کردەیی نەنێت، وتیشی "ئێرانییەکان بەڵێنیان داوە گەرووی هورمز بکەنەوە".
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ڤانس ئاماژەی بە ڕۆڵی ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند کە تەلئەبیب هەوڵ دەدات بارودۆخەکە بە جۆرێک ڕێکبخات کە زەمینە بۆ سەرکەوتنی ئەمریکا لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێراندا خۆش بکات.