هەرێم نیوز
دەستەی کەشناسیی عێراق هۆشداریی لە دروستبوونی لافاو و بارانی بەخوڕ دەدات و ڕایدەگەیەنێت، لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەمووەوە وڵات دەکەوێتە ژێر کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەکی هاتوو لە باکووری ئەفریقیا.
ئەمڕۆ هەینی، 17ـی 4ـی 2026، دەستەی کەشناسی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، بارستە هەوایەکی سارد تێکەڵ بە نزمەپاڵەپەستۆیەکی ئاسمانی دەبێت و کەشوهەوایەکی ناجێگیری بەهاری بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دروست دەکات.
کاریگەریی ئەم شەپۆلە تا ئێوارەی سێشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
وردەکاریی شەپۆلەکە:
باران و تەرزە: بارانی سووک و ناوەند ناوچەکانی ڕۆژئاوا دەگرێتەوە، بەڵام لە ناوچەکانی ناوەڕاست، باکوور و هەرێمی کوردستان ئەگەری بارینی تەرزە و بارانی بەخوڕ هەیە.
خۆڵبارین: لە ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوا بەهۆی خێرایی با، خۆڵبارین دروست دەبێت.
مەترسیی لافاو: کەشناسی وریایی دەدات کە لە هەندێک ناوچەی هەرێم و باکوور ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە بەهۆی ڕێژەی زۆری بارانبارین.
ئەم دۆخە تا بەیانیی سێشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و پاشان بەرەو لاوازی دەچێت.