هەرێم نیوز
دوای شکستهێنان لە گەیشتن بە کۆدەنگی، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە یەکلاکردنەوەی ناوی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق نزیکبوونەتەوە و باسم بەدری، سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری بەهێزترین کاندیدە.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێککەوتوون هەر کاندیدێک پشتگیریی (٨) سەرکردەی ناو چوارچێوەکە بەدەستبهێنێت (ڕێژەی دوو لەسەر سێ)، دەبێتە بەربژێری فەرمی. لە ئێستادا ڕکابەرییەکە لە نێوان محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستا و باسم بەدری-دایە.
بۆچی باسم بەدری چانسی زیاترە؟
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەدری تا ئێستا پشتگیریی ٧ سەرکردەی بەدەستهێناوە و تەنها یەک دەنگی ماوە. هۆکاری پەنابردن بۆ بەدری یان کاندیدێکی نوێ، بۆ لێکەوتەکانی جەنگی ناوچەکە دەگەڕێتەوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت بەربژێرێکی "سەلامەت" دابنێت کە بتوانێت هاوسەنگی لە نێوان تاران و واشنتن ڕابگرێت و وەک سەرچاوەکان دەڵێن "ئەگەر پێویستیش بکات زیاتر ئەمریکی بێت" بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی گرووپە چەکدارەکان ببێتەوە و شکۆ بۆ دەوڵەت بگەڕێنێتەوە.
باسم بەدری کێیە؟
ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٣ـوە سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەرییە (کە پێشتر بە دەستەی بنبڕکردنی بەعس دەناسرا). ئەم دەستەیە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە دوورخستنەوەی سەدان بەرپرسی باڵا و فەرماندەی سەربازی بە تۆمەتی پەیوەندی بە ڕژێمی پێشووەوە.