دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

هەرێمی کوردستان داوا دەکات بەغدا لانی کەم ٥٠٪ـی گەنمی جووتیاران وەربگرێت

هەرێم نیوز

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە یاداشتێکی ناڕەزایەتییان لەبارەی پلانی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢٦ ئاراستەی هەریەک لە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، هاوکات بڕیارەکەی بەغدا لەو بارەیەوە بە "نادادپەروەرانە" و جیاکارییەکی ئاشکرا ناودەبەن.

ئەمڕۆ شەممە، 18ـی 4ـی 2026، هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە وەزارەتەکەیان بە فەرمی نووسراوێکی ئاراستەی هەریەک لە سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراق کردووە. تێیدا ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بەو بڕیارە دەربڕیوە کە لەلایەن لیژنەی باڵای کشتوکاڵی عێراقەوە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم دراوە.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕوونیکردەوە: "لە کاتێکدا حکوومەتی فیدراڵی پلانی هەیە سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تۆن گەنم لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور وەربگرێت، بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان تەنیا بڕی ٢٩٢ هەزار تۆنی دیاری کردووە." ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەمە جیاکارییەکی ئاشکرایە و نوێنەرانی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا بەتوندی ڕەتیان کردووەتەوە.

بە وتەی هیوا عەلی، ئەو بڕەی دیاری کراوە هیچ بنەمایەکی زانستیی نییە، چونکە بەپێی بڕیارەکەی بەغدا، بۆ هەر دۆنمێک زەوی لە هەرێمی کوردستان تەنیا ٨٨.٥ کیلۆگرام گەنم وەردەگیرێت، لە کاتێکدا بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئەو بڕە ٩٠٠ کیلۆگرامە.

 ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتی کشتوکاڵ پێشبینی دەکات بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان بگاتە زیاتر لە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن.

لە یاداشتەکەدا، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم داوای لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراق کردووە، کە دەستوەردان بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە و بڕیار بدەن بە وەرگرتنی لانی کەم ٥٠٪ـی بەرهەمی گەنمی جووتیاران، بەپێچەوانەوە جووتیاران تووشی زیانێکی گەورە دەبن و ناچار دەبن بەرهەمەکانیان لە بازاڕی ڕەشدا بە نرخێکی هەرزان بفرۆشن.

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، پشکی هەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی گەنم لەلایەن بەغداوە بەردەوام ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە.

حکوومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ٧٠٠ هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، لە ساڵی ٢٠٢٥دا ئەو بڕەی کەم کردەوە بۆ ٤٠٠ هەزار تۆن، و بۆ ئەمساڵیش (٢٠٢٦) بڕەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە بۆ تەنیا ٢٩٢ هەزار تۆن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP