دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

فراکسیۆنی پارتی تاوەکوو کاتێکی نادیار بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق دەکات

هەرێم نیوز

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە بەهۆی پێشێلکردنی دەستوور و یاسا، هەروەها پشتگوێخستنی بنەماکانی هاوبەشی و سازان، بڕیاریان داوە دانیشتنەکانی پەرلەمان تاوەکوو کاتێکی نادیار بایکۆت بکەن.

ئەمڕۆ شەممە، 18ـی 4ـی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستوور و یاسا پێشێل کراون و بنەماکانی "هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان" بەتەواوی پشتگوێ خراون.

فراکسیۆنەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕوونیکردووەتەوە و دەڵێت: "لەسەر ڕێنمایی و ڕاسپاردەی سەرکردایەتیی خۆمان، بڕیارمان دا بە بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران تاوەکوو کاتێکی نادیار."

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، فراکسیۆنی پارتی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پاراستنی شەرعییەتی پرۆسەی سیاسی، لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانەوەیە و سازشی لەسەر ناکەن.

ئەم بڕیارەی فراکسیۆنی پارتی دوای ئەوە دێت، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق لە پەرلەمان بەڕێوەچوو، کە پارتی ئەو هەنگاوەی بە نادەستووری و پێشێلکردنی ڕێککەوتنە سیاسییەکان وەسف کرد.

 هەر بەو هۆیەشەوە بڕیاری کشانەوەی لە هەردوو فراکسیۆنی خۆی لە پەرلەمان و حکوومەتی فیدراڵی دا، و لە ئێستاشدا بە فەرمی بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی تاوەکوو کاتێکی نادیار ڕاگەیاند.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP