هەرێم نیوز
عیزەت شابەندەر، کەسایەتیی دیاری سیاسیی شیعەکان ڕایدەگەیەنێت، کە چوارچێوەی هەماهەنگی تاوەکوو ئێستا لە دیاریکردنی جێگرەوەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران شکستی هێناوە، هاوکات ئاشکراشی دەکات کە بڕیارەکانیان لە نێوان تویتەکانی ترەمپ و سەردانەکانی قائانیدا ماوەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 18ـی 4ـی 2026، عیزەت شابەندەر، سیاسەتمەداری دیاری عێراقی لە پەیامێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بە شکستی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە لە ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێک بۆ جێگرەوەی محەممەد شیاع سوودانی.
ناوبراو پێی وایە، ئەم شکستە نیشانەی کۆتاییهاتنی توانای ئەو هاوپەیمانییەتییەیە لە یەکلاییکردنەوەی ئەو ئەرکەدا.
شابەندەر لە پەیامەکەیدا ڕوونیکردووەتەوە، کە لە ئێستادا بڕیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نێوان دوو جەمسەردایە؛ لەلایەک تویتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڕێنماییەکانی باڵیۆزی ئەو وڵاتە کە لەلایەن دەسەڵاتدارەکانەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، لەلایەکی دیکەشەوە سەردانەکانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس و فەتوای تیمەکەی و نوێنەرەکانیان لەنێو گرووپە چەکدارەکاندا.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەو کەسایەتییە سیاسییە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هیچ ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییە درێژخایەنەی عێراق نییە، جگە لە وازهێنان لە پڕۆژەی تائیفی و نەتەوەیی.
ئاماژەی بەوەش داوە کە تاکە چارەسەر، لەئامێزگرتنی پڕۆژەیەکی نیشتمانییە کە دان بە مافی حوکمڕانیی زۆرینەی نیشتمانیدا بنێت و لایەنەکانی دیکەش ببنە ئۆپۆزسیۆن.