دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

چوارەمین هەوڵی تیرۆرکردنی تڕەمپ لە دوایین دوو ساڵدا؛ مێژوو لە ئوتێل هیلتۆن خۆی دووبارە دەکاتەوە

هەرێم نیوز 

ڕاپۆرتی شیکاری و بەدواداچوون

دوای ئەوەی لە کاتی بەڕێوەچوونی خوانێکی تایبەتی کۆمەڵەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی تەقە کرا، دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ئەم جۆرە ڕووداوانە ناتوانن ساردی بکەنەوە لە بەڕێوەبردنی وڵات و شەڕی دژی ئێران. ڕووداوەکە لە ئوتێل "هیلتۆن واشنتۆن" ڕوویدا، کە هەمان ئەو شوێنەیە کە ٤٥ ساڵ لەمەوبەر هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک ڕۆناڵد ڕیگنی تێدا درا.

"ئەوانەی کاریگەرن، دەکرێنە ئامانج"

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، تڕەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە بڕوا ناکات ئەم ڕووداوە پەیوەندی بە جەنگی ئێرانەوە هەبێت، بەڵام جەختی کردەوە کە پشکنینەکان بۆ دۆزینەوەی پاڵنەرەکان بەردەوامن. سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی هەوڵەکانی تیرۆرکردنی، تڕەمپ وتی: "من لێکۆڵینەوەم لە مێژووی تیرۆرکردنەکان کردووە، ئەوانەی زۆرترین کاریگەرییان هەیە وەک ئەبراهام لینکۆڵن، ئەوانەن کە دەکرێنە ئامانج. ئێمە وڵاتمان گۆڕیوە و زۆر کەس بەمە دڵخۆش نین."

تەقەکەرەکە ناوی "کۆڵ تۆماس ئالێن"ـە، تەمەنی ٣١ ساڵە و خەڵکی ویلایەتی کالیفۆرنیایە. ناوبراو توانیبووی خاڵێکی پشکنینی ئەمنی ببڕێت پێش ئەوەی لەلایەن هێزەکانی خزمەتگوزاری نهێنییەوە (Secret Service) دەستگیر بکرێت. تڕەمپ ئەم ڕووداوەی وەک بەڵگەیەک هێنایەوە بۆ ئەوەی کە ئوتێلی هیلتۆن "شوێنێکی سەلامەت نییە"، و پێویستە هۆڵێکی نوێی ئاهەنگگێڕان لەناو کۆشکی سپی بە تێچووی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار دروست بکرێت.

گەڕانەوە بۆ مێژوو؛ ڕیگن و فیشەکەکانی هیلتۆن

ئەم ڕووداوەی شەوی (25ـی 4ـی 2026) یادەوەرییەکی تاڵی مێژووی ئەمریکای هێنایەوە یاد. لە مانگی 3ـی 1981، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ڕۆناڵد ڕیگن، لە بەردەم هەمان ئوتێل (هیلتۆن واشنتۆن) ڕووبەڕووی هەوڵێکی تیرۆرکردن بووەوە.

لەو کاتەدا، گەنجێک بە ناوی "جۆن هینکلی جونیۆر" شەش فیشەکی تەقاند، کە یەکێکیان بەر سنگ و نزیک دڵی ڕیگن کەوت، و سێ کەسی تریشی بریندار کرد، لەوانە وتەبێژ و سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی. هینکلی کە دەیویست بەم کارە سەرنجی خانمەکتەرێک ڕابکێشێت، دواتر بەهۆی نەخۆشی دەروونییەوە لە زیندان بەخشرا و خرایە نەخۆشخانەی دەروونی.

چوار هەوڵی تیرۆرکردن لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا

دۆناڵد تڕەمپ لە ماوەی ژیانی سیاسیدا ڕووبەڕووی چەندین هەڕەشەی جددی بووەتەوە، بەڵام لە دوای دەستپێکردنی کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ـەوە، دۆخەکە زۆر مەترسیدارتر بووە:

تەممووزی 2024 (پێنسیلڤانیا): مەترسیدارترین هەوڵ بوو کە تێیدا گەنجێکی چەکدار تەقەی لە تڕەمپ کرد و بە سووکی گوێی بریندار کرد.

ئەیلوولی 2024 (فلۆریدا): کەسێک بە چەکەوە لەناو دەوەنەکانی یاریگای گۆڵفەکەی تڕەمپ خۆی حەشار دابوو، بەڵام پێش جێبەجێکردنی پلانەکەی دەستگیر کرا.

شوباتی 2026 (مارالاگۆ): چەکدارێک هەوڵیدا بچێتە ناو هاوینەهەواری مارالاگۆ لە فلۆریدا، بەڵام لەلایەن پاسەوانەکانەوە کوژرا. (لەو کاتەدا تڕەمپ لە واشنتۆن بوو).

نیسانی 2026 (واشنتۆن): هەوڵی تەقەکردن لە خوانێکی ڕۆژنامەوانی لە ئوتێل هیلتۆن.

جگە لەمانەش، تڕەمپ ڕووبەڕووی چەندین هەڕەشەی تر بووەتەوە، وەک هەوڵی ڕفاندنی چەکی پۆلیسێک لە ساڵی ٢٠١٦، ناردنی نامەی ژەهراوی (ڕیسین) لە ساڵی ٢٠٢٠، و پیلانێکی ئێرانی-پاکستانی بۆ کوشتنی لە ساڵی ٢٠٢٤ وەک تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP