هەرێم نیوز
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە شاری هەولێر ئەنجام دەدات و تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش تێیدا بەشدار دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند ، تیمی یەکێتی بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجوومەنی وەزیراندا دەکات. کۆبوونەوەکە بڕیارە لە هۆڵی "سەعد عەبدوڵڵا" لە هەولێر بەڕێوە بچێت.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، دۆسیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بەتایبەتی پرسی نەوت و دوایین پەرەسەندنەکان تاوتوێ دەکرێن. هەروەها تەوەری دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە بابەتی داهاتی ناوخۆ و جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" لە خاڵە سنوورییەکاندا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردنی ورد لەبارەی زیادکردنی هەناردەی نەوت و بەتەواوەتی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە خاڵە سنوورییەکان، سەردانی بەغدا بکات تاوەکو لەگەڵ لایەنە فیدراڵییەکاندا لەسەر ئەم بابەتانە بگەنە ئەنجامی کۆتایی.