دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: بەڵێنمان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق وەرگرتووە کە بابەتی مووچە تێکەڵ بە هیچ پرسێکی دیکە نەکرێت

هەرێم نیوز

 سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بەڵێنیان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی فیدراڵ وەرگرتووە کە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تێکەڵ بە هیچ ململانێ و بابەتێکی دیکەی سیاسی و ئیداری نەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی 6ـی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق، ڕایگەیاند، هیوادارن ئەو بەڵێنەی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکە وەریانگرتووە جێبەجێ بکرێت. 

ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسانی بەغدا جەختیان کردووەتەوە کە تەنانەت ئەگەر جیاوازیی تێڕوانین لەبارەی ئیدارەدانی دۆسێیەکانەوە هەبێت، پرسی مووچە جیا دەکرێتەوە، چونکە لە ئێستادا عێراق خۆی لە قەیرانی ئابووریدایە و هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە چارەسەری ئەو قەیرانە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، کە لە نێوان هەولێر و بەغدا جیاوازی لە بۆچوونەکاندا هەیە لەبارەی دۆسیەی داهاتی ناوخۆوە. 

هاوکات هیوای خواست لە قۆناغەکانی داهاتوودا بە شێوەیەکی ڕێکوپێکتری یاسایی و ئیداری، تەواوی ئەم کێشە داراییانە لە نێوان هەردوو لایەندا بە یەکجاری چارەسەر بکرێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP