هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وادەی فەرمیی گەڕانەوەی یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمی بۆ نیشتمان ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان کە ژمارەیان ١،٠٢٧ حاجییە، لە وڵاتی سعوودیەوە و لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دوای گەیشتنی ئەم کاروانە، پڕۆسەی گەڕانەوەی سەرجەم حاجیانی دیکە بەپێی خشتەیەکی فەرمی و ڕێکخراو بەردەوام دەبێت، بەڵام ئاشکرایان کردووە کە تاوەکوو ئێستا دوا وادە بۆ کۆتاییهاتنی گەشتی گەڕانەوەی سەرجەم حاجیان دیاری نەکراوە.