هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن کە لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا زیانی ماددیی بە ئۆتۆمبێلی چەند هاووڵاتییەک گەیاندبوو، ئەمەش دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆییەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی لێکەوتەوە.
ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزدا گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، کە تێیدا کەسێکی نەناسراو بە ئەنقەست هەڵدەستێت بە زیان گەیاندن بە چەند ئۆتۆمبێلێکی پارککراوی هاووڵاتیان، دەستبەجێ تیمەکانی بەدواداچوون دەستیان بە لێکۆڵینەوەی چڕ کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دوای ئەنجامدانی بەدواداچوونی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری لە لایەن هێزەکانمانەوە، توانرا لە ماوەیەکی پێوانەییدا ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکرێت کە پێکهاتووە لە (ش، ئە، ص)، و دواتر بە فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستگیر کرا."
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕوونی کردەوە کە لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی یاسایی بۆ تۆمەتبارەکە کراوەتەوە و ڕێکارەکان لە دژی بەردەوامن تاوەکو ڕادەستی دادگا بکرێت بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی خۆی.
ئاسایشی هەولێر راشیگەیاند "زۆر سوپاسی هاووڵاتییانی خۆشەویست دەکەین کە هەمیشە وەک چاوێکی بێداری ئەمنی، هاوکار و پاڵپشتی هێزەکانمانن لە پێدانی زانیاریی بەپەلە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی شارەکەمان."