هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وردەکاریی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئایار لە لایەن بەغداوە ئاشکرا دەکات و ڕادەگەیەنێت، سەرەڕای کەمکردنەوەی زیاتر لە ٨٠ ملیار دینار لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە، پرۆسەی دابەشکردنی مووچە لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەستپێدەکات و لە ڕۆژانی جەژنی قوربانیشدا بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە، دوای ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئایار و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا، رۆژی دووشەممە (٢٥ی ئایاری ٢٠٢٦) بڕی ٥٠ ملیار دیناری وەک نیوەی داهاتی نانەوتیی مانگی ئایار خستووەتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.
وەزارەت جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە "لە هیچ سیستەمێکی ژمێریاریی جیهاندا نەبووە کە هێشتا ٦ ڕۆژ مابێت بۆ کۆتاییهاتنی مانگەکە، بەغدا داوای داهاتەکەی بکات"، بەڵام بۆ بڕینی هەر جۆرە بیانوویەک، هەرێمی کوردستان ئامادەبوو ئەو بڕە پارەیە پێش وادەی خۆی ڕەوانە بکات.
دارایی هەرێم ئاشکرای کرد، سەرەڕای جێبەجێکردنی هەموو مەرجەکان، وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە کۆی بڕی (٩٧٠,٧٤١,٥١٤,٩١٤) دیناری شایستەی مووچەی مانگی ئایار، تەنها بڕی (٨٩٠,٥٠٢,٠٠٠,٠٠٠) دیناری ناردووە و بڕی زیاتر لە ٨٠ ملیار دیناری لێ بڕیوە و کەمتر ناردووە.
وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی هیچ مووچەخۆرێک بێبەش نەبێت و بەر لە جەژن هەمووان شایستەکانیان وەربگرن، بڕیاریانداوە ئەو کورتهێنانە ٨٠ ملیار دینارییەی کە بەغدا دروستی کردووە، لە ڕێگەی وەرگرتنی قەرزەوە پڕ بکەنەوە.
سەرەڕای پشووی فەرمی، وەزارەتی دارایی سەرجەم بانک و گەنجینەکانی ڕاسپاردووە کە دوای وەرگرتنی پارەی کاش لە بانکی ناوەندی و گواستنەوەی بۆ بانکەکانی ناو پڕۆژەی "هەژماری من" و ئیدارە سەربەخۆکان، هەر ئەمڕۆ دوانیوەڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت و لە ڕۆژانی جەژنی قوربانیشدا (دوای کاتژمێر ١٠ی بەیانی) دابەشکردنەکە بە شێوازی کاش و لە ڕێگەی "هەژماری من"ـەوە بەردەوام دەبێت.
ڕێنمایی بۆ مووچەخۆران بەم شێوازەیە:
•مووچەخۆرانی کاش: بەهۆی کاتی گواستنەوەی پارە بۆ قەزا و شارۆچکەکان، داوا دەکرێت لە کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆوە سەردانی بانکەکان بکەن.
•مووچەخۆرانی هەژماری من: لە کاتژمێر ٣:٠٠ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەتوانن لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) مووچەکانیان وەربگرن.
•هەر فەرمانبەرێکیش نەتوانێت لەم سێ ڕۆژەدا مووچەکەی وەربگرێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی دەتوانێت سەردانی بانک بکات.