دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

تیروپشک بۆ قۆناغی حەوتمی دابەشکردنی زەوی لە هەولێر ئەنجام درا

هەرێم نیوز

بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر، ڕێوڕەسمی تیروپشکی دابەشکردنی زەوی بۆ قۆناغی حەوتم بەڕێوە چوو، کە تێیدا شەش هەزار و ٥٠٠ پارچە زەوی بۆ فەرمانبەران و خاوەن مافەکان تەرخان کرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی 5ـی 2026، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، تیروپشکی قۆناغی حەوتمی دابەشکردنی زەوی لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئەنجام درا.

لەم قۆناغەدا زیاتر لە شەش هەزار و ٥٠٠ پارچە زەوی تیروپشکیان بۆ کراوە، کە سێ هەزار و ٥٠٠ پارچەیان لە ناوچەی جەژنیوکان بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێن، و سێ هەزارەکەی دیکەش بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەن مافەکان ئامادە کراون. بەرپرسانی شارەکە لە گوتەکانیاندا سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە و جەختیان لە بەردەوامیی پرۆسەکە کردەوە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر نزیکەی ٨٢ هەزار فەرمانبەری سەربازی و مەدەنی بڕیاری وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووبوو، کە لە شەش قۆناغی ڕابردوودا ٣٨ هەزار و ٤٠٠ پارچە زەوی دابەش کراوە، و لەگەڵ جێبەجێکردنی قۆناغی حەوتمدا، کۆی گشتیی زەوییە دابەشکراوەکان دەگاتە زیاتر لە ٤٢ هەزار پارچە زەوی. ساسان عەونی دڵنیایی دایە سەرجەم فەرمانبەرانی دیکە کە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو هەمووان دەبنە خاوەن زەوی خۆیان.

سەبارەت بە پرسی تاپۆکردنی زەوییەکانیش، وەزیری شارەوانی ئاشکرای کرد کە کارەکانی ئامادەکردنی تاپۆی ئەو فەرمانبەرانەی لە قۆناغی یەکەمدا زەوییان بۆ دەرچووە لە قۆناغی کۆتاییدایە و لەم ماوەیەدا بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت تاوەکو زەوییەکان بەناوی خۆیانەوە تۆمار بکەن.

بۆ ئەم مەبەستەش، یەکەی گۆڕینی کارتی زەوی بۆ سەنەد لە وەزارەت ڕاسپێردراوە کە هاوکاریی تەواوی شارەوانیی هەولێر بکات بۆ خێراکردنی ڕێکارەکان. لە کۆتاییدا وەزیری شارەوانی ئەم بڕیارەی پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی بە دەستکەوتێکی گرنگی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەقەڵەم دا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP