دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

فراکسیۆنی پارتی: پێشوازیی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکەین بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان

هەرێم نیوز

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بە فەرمی پشتگیری و پێشوازیی خۆی بۆ هەر دەستپێشخەرییەک ڕاگەیاند کە ئامانج لێی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بێت، هاوکات جەختی لە زەروورەتی پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە فراکسیۆنی پارتی بە بۆنەی ساڵوەگەڕی یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (١٩ی ئایار) بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە: "فراکسیۆنی پارتی بە شانازییەوە یادکردنەوەی ئەم وێستگە مێژووییە بەرز دەنرخێنێت، چونکە یەکێکە لە گرنگترین بنەماکانی دامەزراندنی قەوارەی سیاسی، یاسایی و دامەزراوەیی هەرێمی کوردستان."

له‌ ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، کە پەرلەمانی کوردستان وەک باڵاترین دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری، ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ڕاستەقینەی هاووڵاتیانە بۆ بوونیان بە سەرچاوەی دەسەڵات و شەرعیەت؛ بۆیە پاراستنی ئەم دامەزراوەیە، پاراستنی ڕاستەوخۆی قەوارەی هەرێمی کوردستان و سەرجەم ئەو مافە دەستوورییانەیە کە بە خەبات و قوربانیی بێشوماری گەلی کوردستان بەدەستهاتوون.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لەسەر گرنگیی قۆناغی داهاتوو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: "پێشوازیی لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەک دەکەین کە ببێتە هۆی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، تاوەکو بتوانێت ڕۆڵی سروشتی و یاسایی خۆی بگێڕێت. کاراکردنەوەی پەرلەمان لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەدا پێویستییەکی نیشتمانی و دەستوورییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمەکەمان."

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، فراکسیۆنی پارتی سەری ڕێز و نەوازشی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان چەماندەوە کە لە پێناو دامەزراندن و پاراستنی ئەم قەوارەیەدا گیانیان بەخشیوە، و دووپاتی کردەوە کە پێویستە پەرلەمان هەمیشە وەک دەستکەوتێکی دەستووری بپارێزرێت و کارا بێت بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP