دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

شاخەوان عەبدوڵڵا: تەواوکردنی کابینەی حکومەت بەستراوەتەوە بە گۆڕینی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە

هەرێم نیوز

شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو کاندیدانەی بۆ پۆستە وەزارییەکانی کابینەی نوێی حکومەت دەرنەچوون، سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی تۆمار کردووە، هاوکات ئاشکراشی کرد کە سەرکردەیەکی دیاری عێراق تەواوکردنی کابینەکەی بە گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە بەستووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی 5ـی 2026، شاخەوان عەبدوڵڵا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی متمانەدان بە کابینەی نوێی عێراق و ڕایگەیاند، ڕێباز حەملان و ئەو کاندیدانەی دیکەش کە نەیانتوانی متمانەی پەرلەمان بۆ پۆستەکانی حکومەت بەدەست بهێنن، سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکەی پەرلەمان تۆمار کردووە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ململانێ سیاسییەکانی بەغدا کرد و ڕوونیکردەوە، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی عێراق بە توندی پێداگری لەسەر گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات.

بە وتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەو سەرکردەیە ڕایگەیاندووە کە تاوەکو دەستەی سەرۆکایەتیی ئێستای پەرلەمان نەگۆڕدرێت، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات کابینەکەی حکومەت تەواو بکرێت.

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، پەرلەمانی عێراق متمانەی بە ١٤ وەزیری کابینەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دا، بەڵام چەند وەزارەتێک متمانەیان وەرنەگرت و بەتاڵ مانەوە، لەوانەش وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کە پشکی کورد و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.

ئەم دۆخە ناڕەزایەتییەکی زۆری لەناو بەشێک لە فراکسیۆنەکان لێکەوتەوە و دەستەی سەرۆکایەتییان بە لەدەستدانی بێلایەنی و جیاوازیکردن لە خستنەڕووی ناوەکان بۆ دەنگدان تۆمەتبار کرد، کە لە ئێستادا وڵاتەکەی خستووەتە بەردەم قەیرانێکی نوێوە و بەشێک لە هێزەکان هەوڵی دوورخستنەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەدەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP