دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەڕێوەبەری بازرگانی: پرۆسەی زیادکردنی ناوی منداڵان بۆ پسوولەی خۆراک لە سلێمانی دەستی پێکرد

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پرۆسەی زیادکردنی ناوی منداڵانی تەمەن ١ بۆ ١٢ ساڵ بۆ ناو پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی لە شاری سلێمانی و دەوروبەری دەستی پێکردووە، و داواش لە هاووڵاتییان دەکات لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتەوە ناوەکانیان تۆمار بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی 5ـی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک، قۆناغێکی نوێی پرۆسەکە دەستی پێکردووە.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوەش کرد، هاووڵاتییانی شاری سلێمانی و دەوروبەری، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و سەرجەم قەزا و ناحیەکانی سەر بەم سنوورانە، لە ئێستادا دەتوانن لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی تایبەتی پسوولەی خۆراکەوە ناوی منداڵەکانیان (لە تەمەنی ١ بۆ ١٢ ساڵ) بۆ ناو پسوولەکانیان زیاد بکەن.

سەبارەت بە مەرجەکانی تۆمارکردن، نەوزاد شێخ کامل باسی لەوە کرد کە پێویستە بۆ ئەم مەبەستە ئەم مەرجانەی خوارەوە جێبەجێ بکرێن:

منداڵەکە خاوەنی کارتی نیشتمانی بێت.
نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بێت.

لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی سیستەمی دابەشکردنی خۆراک و دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە هەموو شایستەکان هاوکارییەکانیان پێدەگات. هەر بۆیە داوای لە هاووڵاتییان کرد بە زووترین کات ناوی منداڵەکانیان تۆمار بکەن تاوەکو لە خزمەتگوزارییەکانی پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی سوودمەند بن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP