دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

زیاتر لە 760 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی 'هەژماری من'ـەوە مووچەکانیان وەردەگرن

هەرێم نیوز

لەکاتێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە دەستی پێکردووە و زیاتر لە ٧٦٠ هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی پڕۆژەی 'هەژماری من'ـەوە مووچەکانیان وەردەگرن، بەرپرسانی پڕۆژەکە بۆ ئاسانکاریی زیاتر، ڕێگەی دۆزینەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەیان بۆ هاووڵاتییان خستووەتە ڕوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی 5ـی 2026، پڕۆژەی 'هەژماری من' ڕایگەیاند، پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان بە شێوازی دیجیتاڵی لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و ٧٦٢ هەزار کەس بە شێوازی دیجیتاڵی مووچەکانیان وەردەگرن، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچەدا.

بەپێی داتاکانی ئەم مانگە، ئەوانەی لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە مووچەکانیان وەردەگرن پێکهاتوون لە:

٣٥٧ هەزار فەرمانبەری مەدەنی.
٢١٨ هەزار کەس لە هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە.
١٦٨ هەزار خانەنشین.
١٩ هەزار کەس لە خێزانی قوربانییان.

لە ئێستادا ٦٠٠ ئامێری (ATM) لە ٢٠٠ شوێنی جیاوازی هەرێمی کوردستان دانراون و پلانیش هەیە لە داهاتوودا ٤٠٠ ئامێری دیکەش زیاد بکرێن. ئەمەش بۆ ئەوەیە هاووڵاتییان لە هەر کاتێکدا بن، تەنانەت لە ڕۆژانی پشوو یان لە شەودا تووشی ئاستەنگی نەبن لە ڕاکێشانی پارەکانیان.

بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە شێوازێکی ئاسان نزیکترین ئامێر لە شوێنی خۆیان بدۆزنەوە، دەتوانن لە ڕێگەی مۆبایل یان کۆمپیوتەرەکانیانەوە سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی 'هەژماری من' بکەن.

 دوای چوونە ناو ماڵپەڕەکە، لە بەشی خزمەتگوزارییەکان، بژاردەی دۆزینەوەی ئامێری ئەی تی ئێم (ATM) هەڵدەبژێرن کە نەخشەیەکی تایبەتی تێدا بەردەست کراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP