دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

هۆشیار زێباری: عێراق بەدەست قەیرانی سەرکردایەتییەوە دەناڵێنێت

هەرێم نیوز

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، عێراق خاوەنی هەموو پێداویستییەکانی گەشەسەندنە، بەڵام بەدەست قەیرانی سەرکردایەتییەوە دەناڵێنێت، هاوکات ئاشکرایشی کرد کە بەهۆی ڕۆیشتنی ١٨٢ پەرلەمانتار بۆ حەج، ئەگەری زۆرە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دوابکەوێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی 5ـی 2026، هۆشیار زێباری، لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی "دیالۆگی عێراق 2026"، شیکردنەوەیەکی گشتگیری بۆ ڕەوشی ئەمنی و سیاسیی عێراق، پێگەی هەرێمی کوردستان و ئاڵەنگارییەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکە خستە ڕوو.

زێباری لە سەرەتای قسەکانیدا جەختی لە پرەنسیپە نەگۆڕەکانی هەرێم کردەوە و ڕایگەیاند: "هەرێمی کوردستان بەشێکە لە سەقامگیریی ناوچەکە و نابێتە مەترسی بۆ سەر هیچ لایەک." ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی جەنگی ٤٠ ڕۆژەی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، هەرچەندە هێرشەکانی ئێران و میلیشیا عێراقییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بێوێنە بوون، بەڵام هەرێم توانیویەتی هاوسەنگی ڕابگرێت و نەبێتە بەشێک لەو جەنگە، چونکە کوردستان بەشێکە لە ئاسایشی ڕەهای ناوچەکە.

سەبارەت بە ڕۆڵی هێزە نێودەوڵەتییەکان، ئەو بەرپرسەی پارتی ستایشی هاوپەیمانانی کرد و وتی: "دۆستە ئەمریکییەکانمان دڵنیاییان پێداین کە لەگەڵمان دەوەستن، ئەوان بەرگرییان لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و هەرێمەکەمان کرد و تەنانەت قوربانیشیان دا، کە تێیدا دوو سەربازی فەڕەنسی گیانیان لەدەست دا و بەریتانییەکانیش زۆر یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە بەرگری بکەین."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هۆشیار زێباری تیشکی خستە سەر دۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، و ڕوونیکردەوە: "لە کاتی جەنگەکەدا، بەهۆی هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر کوەیت، ئیمارات، سعودیە و ئوردن، وڵاتانی کەنداو پێیان وابوو عێراق بووەتە سەرچاوەی ناسەقامگیری، بۆیە قورسە جارێکی دیکە ئەو وڵاتانە متمانە بە عێراق بکەنەوە."

هەروەها وتیشی: "عێراق سامان، جوگرافیا و خەڵکێکی ڕۆشنبیری هەیە، بەڵام ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا نەیبووە، سەرکردایەتییەکی دروست بووە."

لە کۆتاییدا و سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی، زێباری هیوای خواست کێشەی وەزارەتەکان، بەتایبەتی وەزارەتی نەوت بەخێرایی چارەسەر بکرێت و کابینەی نوێ پێکبهێنرێت، بەڵام هۆشداریی دا لە دواکەوتنی پرۆسەکە بەهۆی هۆکارێکی چاوەڕواننەکراوەوە و ئاشکرای کرد: "١٨٢ پەرلەمانتاری عێراق بەنیازن فەریزەی حەج بەجێبگەیەنن، ئەگەر ئەمەش ڕووبدات، ئەوا بە دڵنیاییەوە حکومەتی عێراق بە خێرایی پێکناهێنرێت."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP