هەرێم نیوز
دوای پێکدادانە چەکدارییەکانی ئەم دواییەی نزیک گەرووی هورمز، گوتاری سیاسی لە ناوخۆی ئێراندا گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵی بەخۆیەوە بینیوە.
ململانێکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئەمریکاوە گۆڕاوە بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی ناوچەکە و چاودێریکردنی ئەو کەسانەی لە ناوخۆدا داوای دیپلۆماسی و دانوستان دەکەن.
١. ئیمارات لە نێوان بەرداشی هەڕەشەکانی ئێراندایە
عەلی خەزریان، ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، هێرشێکی توندی کردە سەر ئەبوو زەبی و ڕایگەیاند:
• ئیمارات چیتر جیران نییە، بەڵکو بووەتە "بنکەیەکی دوژمنکار" کە هاوکاریی سەربازی و هەواڵگریی ئەمریکا دەکات.
• گومانی جدی هەیە کە فڕۆکەی ئیماراتی هێرشی ڕاستەوخۆیان کردبێتە سەر خاکی ئێران.
• ئێران هەمان ئەو هاوکێشە ئەمنییەی بەرامبەر هەرێمی کوردستانپەیڕەوی دەکات، ئێستا بۆ ئیماراتی دەگوازێتەوە.
• دەبێت ئیمارات چاوەڕێی پێکانی بنکە سەربازییەکانی بێت لە هەر ساتێکدا بێت، هاوشێوەی پێکانی بنکەکانی هەولێر.
٢. هەڵمەتی شوێنکەوتنی "خائین و سیخوڕەکان" لە ناوخۆدا
لەکاتێکدا کە گرژییەکان لەگەڵ واشنتۆن بەردەوامن، بەرپرسانی ئێران شەڕێکی تریان دژی "دەنگی جیاواز" لە ناوخۆدا دەستپێکردووە:
• هەڕەشەی دادوەری: غولامحوسێن محسنی ئەژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، هەڕەشەی شوێنکەوتنی و سزادانی توندی ئەو کەسانەی کرد کە بە "سیخوڕ، خائین و تێکدەری یەکڕیزی نیشتمانی" وەسفی کردن.
• پەراوێزخستنی دانوستانکاران: مەحموود نەبویان، پەرلەمانتاری توندڕەو، داوای دوورخستنەوەی ئەو بەرپرسانەی کرد کە پەیوەندییان بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ٢٠١٥وە هەبووە و داوای کرد ئەو کەسانەی "ئاماری هەڵە" دەدەن بۆ ناچارکردنی ئێران بە تەسلیمبوون، سزا بدرێن.
• فەرمانی ڕێبەری نوێ: ئەبو لقاسم جەرارە ڕایگەیاند کە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێ، بڕیاری داوە گەرووی هورمز بە "شێوازێکی نوێ" بەڕێوە ببرێت و داوای دەستگیرکردنی ئەو "کودەتاچییانە" کرد کە سوورن لەسەر دانوستان لەگەڵ ئەمریکا.
٣. دانیشتنی نھێنی و "جەنگی شکاوی" ئابووری
سەرەڕای هەڕەشەکان، بەرپرسانی تاران ناتوانن نیگەرانییە ئابوورییەکانیان بشارنەوە:
• فەداحوسێن مالیکی: دانی بەوەدا نا کە ئاستی شکانی ئێران لە جەنگی ئابووریدا بەرزە و گەمارۆی دەریایی فشارێکی زۆری خستووەتە سەر خەڵک.
• مەسعوود پزیشکیان: سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند کە وڵاتەکە لە حاڵەتی جەنگدایە و دانی بە بوونی کورتهێنان و گرفتەکاندا نا لە ژێر فشاری جەنگدا.
• کۆبوونەوەیەک بۆ داهاتوو: پزیشکیان ئاشکرای کرد کە کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێر و نیوی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخەکە بە شێوەیەکی "ڕاشکاوانە".