دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی: عەلی زەیدی بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی داوە

هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا، ئەنجامی دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق خستە ڕوو و گەشبینی خۆی بۆ قۆناغی داهاتوو دەربڕی.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی دوێنێیدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق، پرسی شایستە داراییەکانی هەرێم تەوەرێکی سەرەکی بووە. نێچیرڤان بارزانی وتی: "عەلی زەیدی پێی ڕاگەیاندم کە مووچەخۆرانی هەرێم وەک هەموو شوێنەکانی تری عێراق مافی خۆیانە مووچە وەربگرن و بەڵێنی دا ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە ئەنجامی بدات."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی تەقەدوم، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە کۆبوونەوەیەکی "زۆر باش" لەگەڵ محەمەد حەلبووسی کرد و وتی: "هەردوولامان کۆک بووین لەسەر ئەوەی لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە و کار بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکانی ڕابردوو بکەین." سەرۆکی هەرێم ئاشکراشی کرد کە بانگهێشتی فەرمی ئاراستەی حەلبووسی کردووە بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی، کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، تیشکی خستە سەر دیدارەکانی لەگەڵ جەمسەرەکانی تری سیاسی و ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی گرنگ و بەرهەمداریان لەگەڵ ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان ئەنجامداوە بە مەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ داهاتووی وڵات.

نێچیرڤان بارزانی ڕۆژی دووشەممە بە سەردانێکی دوو ڕۆژە گەیشتە بەغدا. ئەم سەردانە لە کاتێکی هەستیاردایە کە عێراق لە بەردەم پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکومەتدایە و هەرێمی کوردستانیش هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی و چارەسەرکردنی یەکجاریی پرسی مووچە و بودجە لەگەڵ ناوەند.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP