دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی دەگاتە بەغدا؛ بۆ یەکلاییکردنەوەی پشکی کورد لە حکومەتی نوێ

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ دووشەممە (٤ی ئایاری ٢٠٢٦)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە شاری بەغدا. ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە تاوتوێکردنی پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ و چۆنیەتی بەشداریکردنی لایەنە کوردییەکانە.

نێچیرڤان بارزانی کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، زنجیرەیەک دیداری سیاسی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەنجام دەدات. لەو کۆبوونەوانەدا، میکانیزمی بەشداریکردنی پارتی لە حکومەت و دابەشکردنی وەزارەتەکان بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن دەخرێتە بەرباس.

بەشێکی تری سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامی سەردانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ شاری سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ حزبە سیاسییەکان. چاوەڕوان دەکرێت نێچیرڤان بارزانی وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان، دیدگایەکی یەکگرتووی لایەنە کوردییەکان بۆ داواکاری و مافە دەستوورییەکان پێشکەش بە ناوەندی بڕیار لە بەغدا بکات.

بەهۆی ئەو پشتیوانییە بەهێزە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەی کە بۆ عەلی زەیدی دروست بووە، پێشبینی دەکرێت لەم مانگەدا پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت کۆتایی بێت. سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لەم کاتەدا، وەک هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە دەبینرێت بۆ تێپەڕاندنی دواین کۆسپەکانی بەردەم ڕێککەوتنی سیاسی نێوان هەولێر و بەغدا پێش متمانەدان بە کابینە نوێیەکە لە پەرلەمان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP