دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەوە

هەرێم نیوز

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەوە و پێکەوە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی 5ـی 2026، لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقی فیدراڵ خرانە بەرباس. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێک کردەوە کە وەڵامدەرەوەی ئاڵنگارییەکانی ئەم قۆناغە هەستیارە بێت و داواکارییەکانی هەموو پێکهاتەکان لەبەرچاو بگرێت.

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە پڕۆسەی سیاسی دەکات و هاوکاریی پێویست پێشکەش دەکات بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ.

 لای خۆشیانەوە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ستایشی هەڵوێست و سیاسەتەکانی سەرۆکی هەرێمیان کرد لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە لێکەوتەکانی شەڕ و دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە، کە تێیدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی دوورخستنەوەی عێراق لە مەترسییەکانی پێکدادان و پاراستنی سەروەریی وڵات.

ئەم دیدارە لە کاتێکدایە، کە پێشتر عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو سەردانی هەولێری کردبوو و پەیامێکی پشتیوانیی لە لایەن بارزانییەوە پێ گەیشتبوو، ئەمەش وەک هەوڵێکی جیددی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسی لێک دەدرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP