هەرێم نیوز
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و پێکەوە دۆخی گشتیی وڵات و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی 5ـی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، کە لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بەو هەوڵانەدا کراوە کە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەدرێن، و جەخت لە پێویستیی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکوومەت کرایەوە، بە شێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی خواست و ئاواتەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق بێت.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا باسیان لەو دەسکەوتە سیاسی، ئابووری و گەشەپێدانانە کرد کە لە ماوەی کارکردنی حکوومەتی ئێستادا بەدەستهاتوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە ، نێچیرڤان بارزانی پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی سوودانی دەربڕی و ستایشی پەرۆشیی ناوبراوی کرد بۆ بەڕێوەبردنی لێکتێگەیشتنەکان بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و دەستووری لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
هەروەها پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوچەکە و ئەو گرژییانەی کە هاتوونەتە ئاراوە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەوڵەکانی عێراق کردەوە بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە بەهێزکردنی سەروەریی وڵات.