هەرێم نیوز
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە لە دوو وەجبەی نوێدا ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆ زیاتر لە چوار هەزار و ٣٥٠ خانەنشینی شارستانی و سەربازی و فەرمانبەرانی وەزارەتە جیاوازەکان دەرچووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی 4ـی 2026، سەربەست مەولوود، سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاند، کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا دوو وەجبەی دیکەی ڕەزامەندیی پێدانی زەوی گەیشتووەتە وەزارەتەکەیان.
وەجبەی یەکەم ناوی دوو هەزار کەس و وەجبەی دووەم ناوی دوو هەزار و ٣٥٠ فەرمانبەر و خانەنشینی تێدایە.
ئاماژەی بەوە دا، کە بە نووسراوی فەرمی ناوەکان بۆ شارەوانییە پەیوەندیدارەکان، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان نێردراوە بۆ ئەوەی بەپێی کارتی زانیاری زەویی ٢٠٠ مەترییان پێ بدرێت.
سەبارەت بە کۆی گشتیی ڕەزامەندییەکان، بەرپرسەکەی وەزارەتی شارەوانی ئاشکرای کرد، کە تاوەکوو ئێستا ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆ ٤٩٧ هەزار فەرمانبەر، پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینان گەڕاوەتەوە.
جەختیشی کردەوە کە پڕۆسەکە بەردەوامە و ناوی ئەو فەرمانبەرانەی کە ماون، دوای وردبینی ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێن بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی.
بەپێی بڕیارەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر فەرمانبەر و پێشمەرگەیەک هەشت ساڵ خزمەتی هەبێت و پێشتر سوودمەند نەبووبێت، زەوییەکی ٢٠٠ مەتریی پێ دەدرێت.