هەرێم نیوز
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری ئەبووزەبی لە لایەن شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیماراتەوە پێشوازیی لێکرا و پێکەوە کۆبوونەوەیەکی گرنگیان ئەنجام دا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی 4ـی 2026، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئیماراتیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد. جەخت لەسەر پتەوکردنی ئاسۆکانی هاریکاریی نێوانیان لە هەموو بوارەکاندا کرایەوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوولا بگەیەنێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات دەربارەی دوایین پەرەسەندنەکان و لێکەوتە مەترسیدارەکانی دۆخی ناوچەکە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی نێودەوڵەتی، بیروڕایان گۆڕییەوە. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی کاری پێکەوەیی و بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان بۆ پاراستنی ئارامی و دوورخستنەوەی مەترسییەکان لە ناوچەکە.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە، کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاری ئەمنیدا تێدەپەڕێت و ئیماراتیش پێشتر بڕیاری کشانەوەی لە ڕێکخراوی ئۆپێک دابوو، کە وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ ئایندەی ئابووریی وڵاتەکەی هەژمار دەکرێت.