هەرێم نیوز
ئەمڕۆ شەممە (٢ی ئایاری ٢٠٢٦)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی حکومەتی فیدراڵ و شاندێکی هاوڕێی کرد. لە دیدارەکەدا دوایین هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی بەغدا تاوتوێ کران.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ دووپاتکردەوە کە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بێت. مەسرور بارزانی جەختی کردەوە کە دەبێت چارەسەرەکان لەسەر بنەمای دەستوور، ڕێزگرتن لە مافەکانی گەلی کوردستان و پاراستنی قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان بن.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئێستادا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە پێش تاوەکو کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و یەکجارەکی چارەسەر بکرێن. مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: "پێویستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و پرۆسەی سیاسی عێراق لەسەر سێ بنەمای سەرەکی (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان) بەڕێوەبچێت."
لەلایەکی دیکەوە، عەلی ئەلزەیدی سوپاسی پشتیوانییەکانی سەرۆکی حکومەتی کرد و تێڕوانینێکی نوێی خستەڕوو. زەیدی جەختی کردەوە کە "بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان، بەهێزبوونی حکومەتی فیدراڵییە" و دڵنیایی دا کە لە کابینە نوێیەکەدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ئەم کۆبوونەوەیە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ نزیککردنەوەی دیدگاکانی هەولێر و بەغدا، پێش دەستبەکاربوونی فەرمیی کابینە نوێیەکەی عەلی زەیدی.